گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دواین زانیاری لەبارەى دابەشکردنی موچەى فەرمانبەرانی هەرێم

2020.10.14 - 10:38
دواین زانیاری لەبارەى دابەشکردنی موچەى فەرمانبەرانی هەرێم

ناس کورد-

سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایی هەرێم ڕایگەیاند، وەزارەتى دارایی عێراق واژۆى لەسەر ناردنى پارەى موچەى فەرمانبەران کردووە، بەڵام ڕێکارەکان یەک دوو ڕۆژی دەوێت بۆ ڕاگەیاندنی لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

 

سەرچاوەکە (14ى تشرینى یەکەم 2020) بە ناس کوردى ڕاگەیاند، وەزارەتى دارایی عێراق واژۆى لەسەر ناردنى 320 ملیار دینارەکە کردووە و ڕێوشوێنەکان کاتى دەوێت و دەکەوێتە ئەمڕۆ و سبەینێ.



وتیشى، "ناردنى پارەکە تا دەکرێتە نوسراو و دەگاتە هەرێم کاتى دەوێت، تا دواتر وادەى دابەشکردنى موچە رابگەیەنرێت، لەوانەیە لەم یەک دوو ڕۆژە ڕابگەیەنرێت".

 

لەچەند رۆژى رابردوودا چەندین هەواڵى دژبەیەک لەبارەى گەیشتن و نەگەیشتنى پارەکەى بەغدا بۆ هەرێم بڵاوکرایەوە، بەڵام هێشتا وەزارەتى دارایی بەفەرمى هیچى لەو بارەیەوە رانەگەیاندووە.

 

شێركۆ جەودەت ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى کوردستان (13ى تشرینى یەکەمى 2020) وتی "وەزیری دارایی پێی راگەیاندوون لەسەر بەغدا وەستاون تا پارەكەی هەرێم دەنێرێت و ئەو كات دەست بە دابەشكردنی موچە دەكەن".