ناس کورد-
تەڤگەری ئازادیی کوردستان دژایەتی خۆی بۆ ڕێککەوتنەکەی هەرێم و بەغدا لەسەر شنگال دەربڕی و ڕایگەیاند، هەر ئەوانەبوون خەڵکی شنگالیان خستە ژێر دەستی داعش و ژن و منداڵیان خستە بازاڕەکانی داعشەوە، دەشڵێت، تەنها پارتی نییە و یەکێتیش بەشدارە لەو ڕێککەوتنەدا و هیچ لایەکیان ناتوانن بەهیچ شێوەیەک قسە لەسەر کەرکوک بکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەڕاگەیەندراوێکدا دەستەی بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادی (سێشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2020)، ڕایگەیاند: " وەک هەموو لایەک دەزانێت، ڕۆژ بە ڕۆژ حکومەتی هەرێم ڕۆڵ و پێگەی خۆی لەدەست دەدات و بێ ڕۆڵ دەبێت، بەوەی کە ناتوانێت موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی خۆی بدات، لە بارودۆخێکی وەهادا حکومەتی عێراق و هەموو وڵاتانی دەوروبەر دەیانەوێت خواستەکانی خۆیان بەسەر ئەم هەرێمە داتەپیوەدا بسەپێنێن، هەروەک بینیمان کازمی چۆن بێباکانە سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و تاک و کۆمەڵگەی کوردی بەچی شێوەیەکی هەرزان و پەرێشان پیشانی ڕای گشتی دا، خۆیشی هاوشێوەی فریادڕەسێک وێناکرد، بۆجوتیار و مامۆستا و خانەوادەی شەهیدانی ئەنفال و هەڵەبجە و هتد."
ئاماژەی بەوەشكردووە: "ئێستاش ئەوەی دەردەکەوێت لەبن ئەو گووشارانەدا، بەرپرسانی ئەم هەرێمە چۆن نیوەی خاکی هەرێمی کوردستانیان فرۆشت لەبن ناوی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی و ئابوریی سەربەخۆ، جارێکی تر لەبەرانبەر ڕازی کردنی دڵی تورکیا و خۆ-نزیک-کردنەوە لەحکومەتی عێراق، دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان کەوتوونەتە سەودا و مامەڵەیەکی قێزەونتر لەگەڵ بەغد لەسەر ڕادەستکردنەوەی شەنگال بەحکومەتی عێڕاق."
تەڤگەری ئازادی ئەوەشی خستووەتەڕوو: "لەکاتێکدا نە حکومەتی عێڕاق خاوەنی ئەو هێز و توانایەیە بتوانێت ڕێککەوتنێکی وەها بەئەنجام بگەیەنێت و ئیرادەی خەڵکی شەنگاڵ بەبنەما وەرنەگرێت، نە دەسەڵاتداران دەتوانن قسە لەسەر چارەنووسی خەڵکی شەنگال بکەن، چونکە هەر ئەوانەبوون خەڵکی شەنگالیان خستە ژێر دەستی داعش و ژن و منداڵیان خستە بازاڕەکانی داعشەوە، ئەوەی خەڵکی شەنگال چاوەڕوانی بوو، ئەوەبوو دادگایی ئەو بەرپرسانەی هێزەکانی پێشمەرگە بکرێت کە شەوی جینۆسایدی شەنگال لەنیوەشەودا بەجێیان هێشتن."
ئاماژەی بەوەشكردووە: " دیاره هێشتا ئەوەی بەسەر شەنگال و هاووڵاتیانی ئێزیدیدا هێنراوە بەکەمی دەبینن و جارێکی تر دەخوازن و بێ شەرمانە هەوڵ دەدەن، لەژێر ناوی ڕێککەوتن و گەڕانەوەی ئاوارەکانی شەنگال خەڵکی ئێزیدی ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژیەکی دیکە بکەنەوە، لەکاتێکدا ناتوانن بەهیچ شێوەیەک قسە لەسەر کەرکوک بکەن، چونکە ئاغاکانیان ناخوازن قسە لەوبارەیەوە بکرێت."
تەڤگەری ئازادی لەڕاگەیەندراوەکەیدا دەشڵێت: "لەکۆتایدا بانگەوازی ئێمە وەکوو تەڤگەری ئازادی ئەوەیە، هیچ هێز و لایەنێک خۆی لێ بێبەری نەکات و ناتوانرێت جارێکی تر بگوترێت پارتی ئەنجامی داوە، چونکە ڕێککەوتن بەناوی حکومەتی هەرێمەوە ڕاگەیەنراوە و هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و سەرۆک کۆمار لەکۆبوونەوەی خۆیاندا ئۆکەیان لەسەری کرد، کەسەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک کۆماری عێراق پارتیی نیە و یەکێتیی-یە، وەکوتر هەموو لایەنەکانی تر لەبەرامبەر مێژوو بەرپرسیار دەبن لەوەی ڕوودەدات."
جەختیشیکردووەتەوە: "بانگەواز لەجەماوەری خاوەن هەڵوێست دەکەین هەروەک چۆن لەهەموو کارەسات و نەهامەتیەکاندا بێ هەڵوێستیتان هەڵنەبژاردوە، بەو شێوەیە جارێکی تر خاوەن هەڵوێست بن و دەنگ و ئیرادەی گەل پیشان بدەن، گەلی کوردی ئێزیدی بەتەنیا بەجێ نەهێڵین."
ئەوەشخراوەتەڕوو: " هەروەها چاوپۆشی نەتەوەیەکگرتووەکان و بەژداربوونیان لەو بڕیارەدا جێگەی شەرمەزاریەو لێدانە لە دیموکراسی و مافی مرۆڤ، داواتان لێدەکەین چیتر چاوتان لەبەرانبەر بەجینۆساید ناساندنی ئێزیدیەکاندا دامەخەن و فرمێسکی تیمساحیانەیان بۆهەڵنەڕێژن."