گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزارەتى تەندروستى کاریگەرى چارەسەرە نوێیەکان لەسەر توشبووانى کۆرۆنا ئاشکرا دەکات

2020.10.13 - 15:59
وەزارەتى تەندروستى کاریگەرى چارەسەرە نوێیەکان لەسەر توشبووانى کۆرۆنا ئاشکرا دەکات

ناس کورد-

 وەزارەتى تەندروستى هەرێم ئاشکرایکرد، پێدانى دژە ڤایرۆسەکان بە توشبووانى کۆرۆنا کاریگەرى هەبووە لەسەر ئەوانەى ئاستى توشبوونیان مامناوەندە تا دۆخیان بەرەو خراپى نەچێت.

 

هەرچەندە تا ئێستا هیچ چارەسەرێکى دژە کۆرۆنا نەدۆزراوەتەوە، بەڵام لەجیهان و هەرێمى کوردستانیش پشت بە چارەسەرى جیاجیا دەبەسترێت بۆ چارەسەرى توشبووان، کە رۆژانە لەلایەن تەندروستى جیهانییەوە نوێدەکرێتەوە.

 

ئاسۆ حەوێزى، وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێم بە ناس کوردى ڕاگەیاند (13ی تشرینی یەکەمی 2020)، ئەوان پشت بە نوێترین پرۆتۆکۆڵەکانى چارەسەر دەبەستن کە لەلایەن تەندروستى جیهانییەوە بڵاودەکرێتەوە و عێراقیش پشتى پێدەبەستێت.

 

وتیشى ئەو چارەسەرانە سەرجەمیان پاڵپشتیکەرن، نەک چارەسەرى کۆتایی و بنبڕکەر، وەکو دژە ڤایرۆسەکان لەناویاندا دەرمانى 'ڕێمدیسڤیر' تا رێژەى ڤایرۆسەکە لەجەستەى توشبووان کەمبکاتەوە.

 

ئاسۆ حەوێزى باسى لەوەشکرد، ئەو دەرمانە بەگشتى بۆ ئەو کەسانە بەکاردەهێنرێت کە ئاستى توشبوونیان مامناوەندە و کاریگەریشى هەبووە لەسەر توشبووان تا دۆخیان بەرە خراپى نەچێت.

 

رونیشیکردەوە، جگە لەوە چەند چارەسەرێکى دیکە بەکاردەهێنرێن، وەکو ڤیتامینەکان و ئۆکسجین، بەمەبەستى بەرزکردنەوەى بەرگرى جەستە و یارمەتیدانى توشبووان تا بتوانن بەئاسانى هەناسە بدەن.

 

د. هێرش حەیدەر، سەرپەرشتیارى تیمى روبەڕوبونەوەى کۆرۆنا لە سلێمانى بەناس کوردی ڕاگەیاند (12ى تشرینى یەکەمى 2020) "وەک بەرێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی نزیکەی دوو مانگە دەرمانی 'ڕێمدیسڤیر'ی ئەمریکی بۆ توشبووانی کۆرۆنا بەکاردەهێنین و خستومانەتە نێو پرۆتۆکۆڵی چارەسەرەکانی کۆرۆناوە".   

 

وتیشی "خۆشەختانە ئەنجامێکی باشی هەبووە و سودێکی زۆرمان لێ بینیوە و نیشانەکانی ڤایرۆسەکە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە".