گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیارى نوێ لەسەر پێدانى کارەبا بە کەرتى تایبەت..وەزیر بانگهێشتى پەرلەمان دەکرێت

2020.10.13 - 14:53
زانیارى نوێ لەسەر پێدانى کارەبا بە کەرتى تایبەت..وەزیر بانگهێشتى پەرلەمان دەکرێت

ناس کورد-

لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكانى پەرلەمانی كوردستان بڕیاریدا هەفتەی داهاتوو میوانداری وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێم بكات، بەمەبەستى تاوتوێکردنى چۆنیەتی بەتایبەتكردنی كارەبای نیشتمانی.

 

ماڵپەڕى پەرلەمانى کوردستان (13ی تشرینی یەکەمی 2020) بڵاویکردەوە، لیژنەکە لەکۆبوونەوەیەکدا تاوتوێی چۆنیەتی گۆڕینی سیستەمی كارەبایان لە كەرتی گشتیەوە بۆ كەرتی تایبەت كردووە، كە لەقۆناغی یەكەم لە (80%)ی داهاتی كارەبا بۆ كەرتی تایبەت دەبێت و لە (20%)ی بۆ حكومەت، كە ئەم بڕە پارەیەی حكومەت بەكاردەهێندرێت بۆ پێوەری زیرەك.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، هەروەها لیژنەکە گفتوگۆیان کردووە لەسەر "سوودی" گۆڕینی ئەم سیستەمە، كە دەبێتە هۆی زیادكردنی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا، و نەهێشتنی ونبوونی كارەبا كە رێژەكەی دەگاتە (44%) و زیادكردنی داهات، بەشێوەیەک کە نرخی كارەبا لەسەر هاوڵاتیان زیاد نەكرێت.

 

هەر لەكۆبوونەوەكەدا لیژنەكە بڕیاریداوە هەفتەی داهاتوو میوانداری وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێم بكات، بەمەبەستی پێدانی زانیاری و بەرچاوڕوونی بە لیژنەكە لەسەر گۆڕینی ئەم كەرتە لە گشتیەوە بۆ تایبەت.

 

وەزارەتى کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەنیازە کۆتایی ئەمساڵ دابەشکردنى کارەبا بداتە کەرتى تایبەت و دوو مەرجى بۆ کۆمپانیاکان دیاریکردووە لەو بارەیەوە.  

  

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژى وەزارەتى کارەبا (3ی تشرینی یەکەمی 2020)بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "ماوەى شەش مانگە کار لەسەر هاوبەشى کەرتى تایبەت و حکومى دەکرێت بۆ دابەشکردنى کارەبا، ئامادەکارییەکان لەڕووى تەکنیکیەوە بەرەو تەواوبوون دەچن بۆ ئەوەى کۆتایی ئەمساڵ بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە".  

  

رونیشیکردەوە، بەپێی پلانەکە زۆربەى پرۆسەى دابەشکردنى کارەبا و چاکسازیی لەو کەرتە و کۆکردنەوەى پارەى کارەبا دەدرێتە دەست کەرتى تایبەت، پڕۆسەکانى تریش بەدەست حکومەتەوە دەمێننەوە.  

  

ئومێد ئەحمەد باسى لەوەکرد، لەئێستادا لەگەڵ کۆمپانیاکان لە گفتوگۆدان لەو بارەیەوە، مەرجى وەزارەتى کارەبا ئەوەیە زۆرترین سودى هاوبەشانى کارەباى تێدابێت، خەرجى ئەو پرۆسەیەش لەسەر حکومەت کەمبکاتەوە.  

  

ئەوەشى خستەڕوو، پڕۆسەى پێدانى دابەشکردنى کارەبا بە کۆمپانیاکان بەشێوەى کێبڕکێی ئاشکرا دەبێت و دەدرێتە چەند کۆمپانیایەک.  

  

ئومێد ئەحمەد دەڵێت، هەرێمى کوردستان لەرووى تەکنیکییەوە بەسەر پێنج زۆندا دابەشکراوە و چاویان لەوەیە ئەو پڕۆسەیە خەرجییەکانى کارەبا لەسەر حکومەت کەمبکاتەوە کە ئێستا خەرجییەکى زۆرى هەیە.  

  

لەبارەى نرخى کارەباوە، وتەبێژى وەزارەتى کارەبا جەختیکردەوە، بۆ هاوبەشانى کارەبا هیچ شتێک ناگۆڕێت بەتایبەتى نرخ، کە ئێستا بۆ هەر وەحدەیەک لە 15 دینارەوە دەستپێدەکات.