گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێشمەرگە و سوپاى عێراق ڕێککەوتن..وردەکاریی لە ناس کوردەوە

2020.10.13 - 13:54
پێشمەرگە و سوپاى عێراق ڕێککەوتن..وردەکاریی لە ناس کوردەوە

ناس کورد-

هەردوو وەزارەتى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لەسەر سێ خاڵ رێککەوتن، بەمەبەستى هەماهەنگى هاوبەش لەناوچە جێناکۆکەکان.

فەرماندەیی پڕۆسە هاوبەشەکانى عێراق (13 تشرينى یەکەمى 2020) لە بەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکى دەست ناس کورد کەوتووە رایگەیاند، سێیەم کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتى پێشمەرگە ئەنجامداوە بەمەبەستى هەماهەنگى سەربازى نێوانیان.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، لەسەر سێ خاڵ رێککەوتوون، کە یەکەمیان دەستبەکاربوونى سەنتەرەکانى هەماهەنگى ئەمنى هاوبەشى نێوان هەولێر و بەغدایە.

 

خاڵى دووەمى ڕێککەوتنەکە تاییەتە بە پێکهێنانى لیژنەى ئەمنى و سەربازى مەیدانى هاوبەش بۆ هەڵسەنگاندنى ئاڵنگارییە ئەمنییەکان بەپێی کەرت و میحوەرەکان، دانانى نەخشە ڕێگا لەو بارەیەوە.

 

هەروەها لەخاڵى سێیەمى ڕێککەوتنەکەدا هاتووە، دەستدەکرێت بە کارى ئەمنى و سەربازى لە کەرتى دیالە بۆ دروستکردنى سەنتەرى هەماهەنگى هاوبەش و رێککەوتن لەسەر میکانیزمى کارکردنى خاڵەکانى پشکنین و ئەنجامدانى پڕۆسەى سەربازى و ئەمنى هاوبەش دژى تیرۆر.

 

رۆژنامەى ئەلمەداى عێراقى (13ی تشرینی یەکەمی2020) لەزارى ئازاد شەفى ئەندامى پەرلەمانى عێراقەوە گواستییەوە، گفتوگۆکانى ئێستاى نێوان هەرێم و بەغدا بۆ گەڕانەوەى پێشمەرگەیە بۆ نزیکەى 40 بۆ 50%ى ئەو ناوچانەى پێش تشرینى یەکەمى 2017 بەدەستیانەوە بوو، وەک قۆناغى یەکەم.  

  

وتیشى "پێوەرى سەرکەوتنى گەڕانەوەى پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە دەوەستێتە سەر ئەوەى لە شنگال روودەدات لەدواى رێککەوتنەکەى ئەمدواییە".  

  

پێشتر تەحسین خەفاجى وتەبێژ بەناوى فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان بە ئاژانسى فەرمى عێراقى ڕاگەیاندبوو، کۆبوونەوەى ئەمجارەیان لەگەڵ پێشمەرگە دەبێتە خاڵى گۆڕانکاریی لە پەیوەندییەکانیان بە ئاڕاستەى گەشەپێدان و بریارى تێدا دەدرێت.  

  

هەروەها جەبار یاوەر ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پێشمەرگە (12ى تشرینى یەکەمى 2020) بە پێگەى فەرمى وەزارەتى پێشمەرگەى راگەیاند، "گفتوگۆكان لەگەڵ بەغدا لەسەر سێ بابەتی سەرەكی دەبێت، دامەزراندنی ناوەندی هەماهەنگی لە نێوان ئەفسەرانی هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عیراق، دامەزراندنی هێڵی هاوبەشی بەرگری، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی داعش، ئەمانە هەمووی سنوری پارێزگاكانی كەركوك و دیالە و نەینەوا دەبێت".    

  

سەرباری ڕێککەوتن هەرێم و بەغدا لەسەر پێکھێنانی شەش ژوری ھەماھەنگی لە ناوچە جێناکۆکەکان، بەڵام تا ئێستا دەستبەکارنەبوون.