گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یاسای نەوتی نیشتمانی عێراق جارێکى تر لە دەرگاى پەرلەمان دەداتەوە

2020.10.13 - 09:19
App store icon Play store icon Play store icon
یاسای نەوتی نیشتمانی عێراق جارێکى تر لە دەرگاى پەرلەمان دەداتەوە

ناس كورد-

بەگوێرەى رۆژنامەی سەباحی فەرمى، یاسای نەوتی نیشتمانی، كە لە خولی پێشوی پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر درابوو بەڵام بەهۆی تانەی دادگای فیدراڵی و بانكی ناوەندییەوە راگیرابوو، دوای دەستكاریكردنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، ئێستا جارێكی تر هاتۆتەوە پەرلەمان بۆ پەسەندكردنی.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوە داوە كە هەمواری یاسای نەوتی نیشتمانی، هەفتەی رابردوو گەیشتۆتە پەرلەمان، ئەوەش دوای ئەوەی لەلایەن پەرلەمانەوە زیاتر لە چوار جار لەسەردەمی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی و حكومەتی ئێستادا داوای ناردنی كرابوو.

 

هەیبەت حەلبوسی، سەرۆكی لیژنەی نەوت وزە لە پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەكەی راگەیاند، بەهۆی ناڕەزایەتییەكان لەسەر هەندێك لە بڕگەكانی، كاركردن بە یاساكە راگیرابوو، ئێستا ئەو بڕگانە هەمواركراون و یاساكە لەبەردەم لیژنەكەیاندایە بۆ گفتوگۆكردنی و پێشكەشكردنی بە پەرلەمان بەمەبەستی دەنگدان لەسەری.

 

هەیبەت حەلبوسی یاساكەی بە گرنگ ناوبردوە و ئاماژەی بەوەداوە كە خواستیانە كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی عێراق كۆمپانیایەكی جیهانی وەك ئارامكۆ و كۆمپانیا جیهانییەكانی دیكە بێت.

 

بەگوێرەى قسەی سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە لەكاتی تێپەڕاندنی ئەو یاسایەدا، ئیدارەی كۆمپانیاكە سەربەخۆ دەبێت لە وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییەكەی پلەی وەزیری دەبێت.

 

چاوەڕوان دەكرێت، یاساكە، هاوشێوەی ساڵی 2018، لەكاتی خستنە دەنگدانی، جارێكی دیكە مشتومڕی گەورەی لێبكەوێتەوە.