ناس كورد-
بڕیارە كاتژمێر 9ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (13ى تشرینى یەکەمى 2020)، تەرمی یەكەم كۆچكردووی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سلێمانی، لەگۆڕستانی تایبەت بە كۆچكردوانی كۆرۆناوە بگوازرێتەوە بۆ گردی سەیوان لە شارەكە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
مەلا رەشید، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی مەحوی لە شاری سلێمانی، دوای توشبوونی بە كۆرۆنا، رۆژی (4ى ئادارى 2020) گیانی لەدەستدا، ئەوەش یەكەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەكە بوو كە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان تۆماربكرێت.
شێوازی بەخاكسپاردنی یەكەم تووشبووی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان ناڕەزایەتی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا كە بەگوێرەی رێكارەكانی ئەو كاتی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تەرمی كۆچكردوانی كۆرۆنا لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە و لە گۆڕستانی تایبەت بە خاك دەسپێردران.
مەلا رەشید، تاكە كۆچكردووی كۆرۆنا نییە كە تەرمەكەی لە گۆڕستانە تایبەتەكەی كۆرۆناوە بۆ گۆڕستانێكی گشتی دەگوازرێتەوە، تەرمی بەشێك لەو هاووڵاتییە كۆچكردوانەی كۆرۆنا كە لە گۆڕستانی تایبەت بەخاك سپێردراون، لەلایەن كەسوكاریانەوە بۆ گۆڕستانە گشتییەكان دەگوازرێنەوە.