گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئاستی هەناردەى نەوتی ئێران دەبێتە سفر؟ تاران چ پلانێکى هەیە؟

2019.05.04 - 10:59
ئاستی هەناردەى نەوتی ئێران دەبێتە سفر؟ تاران چ پلانێکى هەیە؟
لە مانگی ئایاردا و لەدوای هەوڵی ئەمریکا بۆ وشککردنی یەکەم سەرچاوەى داهاتى ئێران، ئاستی هەناردەکردنی نەوتی ئێران کەمیکردووە بەڵام نەبووەتە سفر. بەرپرسێکى ئێرانی ئاگادار لە کەرتی نەوتی ئێران بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی وتووە، لە ئێستادا ئاستى هەناردە لەوانەیە کەمببێتەوە بۆ 700 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا و لەدوای مانگی ئایاریش لەوانەیە بۆ 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمببێتەوە. . کاتێک مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەى ئەتۆمی ئێران کشایەوە و دووبارە سزای بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، ئاستى هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمیکرد. هاوکات لە 2ی نیسانى 2019دا، ئەمریکا سیاسەتى بە سفرکردنی ئاستى نەناردەکردنی نەوتی ئێران ڕاگەیاند لەڕێگەى کۆتایی هێنان بە هەڵاوێردە و بەخشینی هەشت وڵاتی جیهان بۆ کڕینی نەوتی ئێران و ڕایگەیاند، لەمەودوا سزای هەر وڵاتێک دەدات نەوت لە ئێران بکڕێت. . ئێران نایەوێ کۆڵ بدات، ئەمڕۆ شەممە (4ی نیسانی 2019) حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، پێویستە وڵاتەکەى هەناردە نا نەوتییەکانی زیاتر بکات و بەردەوامیش بێت لە فرۆشتنى نەوت بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى سزاکانى ئەمریکا. هاوکات بیژەن زەنگەنە، وەزیرى نەوتی ئێران ڕایگەیاند، "فرۆشتنى نەوت بەردەوام دەبێت و ڕێگەى نوێ تاقیدەکەینەوە" بەڵام بیژەن هیچ زانیاری و ڕونکردنەوەیەکى لەبارەى ڕێگە نوێیەکانەوە نەدا. . سارا زاخشۆری، شیکەرەوەیەکی ئابوری بە ڕۆیتەرزی وتووە، پێدەچێت ئێران بەردەوام بێت بە فرۆشتنى نەوت بە چین و هیندستان و لە چەند ڕێگەیەکى قاچاخیشەوە نەوتەکەى هەناردە بکات وەک ئەوەى سەرباری سزاکانى پێشوو بە بەردەوامی کردوویەتى. سارا دەشڵێت، "پێویستە ئەوە بزانرێت کە سیاسەتى سفرکردنی هەناردەى نەوت لە مانگی ئایاردا مانای ئەوە نییە کە ئێران نەتوانێت نەوت بە چین و هیندستان بفرۆشێت." ڕاشیگەیاند، "ئێران دەتوانێت لە نێوان 200 بۆ 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بفرۆشێت." . شیکەرەوانی دۆخەکە پێشبینی دەکەن ئاستى هەناردەى نەوتی ئێران لە مانگی ئایاردا لە دەوروبەری 600 هەزاردا بێت. ئەوە لە لێدوانێکى عەلی خامنەئی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەردەکەوێت کە ڕایگەیاندبوو، "ئێران دەتوانێن هەرچەندەی بیەوێت و پێویست بێت نەوت هەناردە بکات." . ناکۆکی و کیشەکان بەرۆکی ڕێکخراوی وڵاتانى هەناردەکارانى پتڕۆڵ (ئۆپێک)ـیشی گرتووەتەوە، سەرچاوەیەک لە ڕێکخراوەکە دەڵێت، لەوانەیە ئێران بەردەوام بێت لە هەناردەکردنی 400 بۆ 600 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا. لەدوای سزاکانی ئەریکاوە، ئێران چیتر ڕاپۆرتی هەناردەکردنی نەوت ناداتە ڕێکخراوەکە، بۆیە هیچ زانیارییەکی لەبارەى ئاستى هەناردەی نەوتی تارانەوە نییە. جیاواز لەوەش، بەشێک لە هەناردەى نەوتی ئێران لە دەرەوەى چاودێری ڕادارەکان دەفرۆشرێت، بەوپێیەى کەشتییە نەوت هەڵگرەکان سیستمی شوێنهەڵگرتن (AIS) دەکوژێننەوە و زۆر قورسە کۆمپانیاکانى چاودێری ڕێڕە و جوڵەى ئەو کەشتییە نەوت هەڵگرانە بزانن.