ناس کورد-
ژمارەى موچە پاشەکەتکراوەکانى فەرمانبەران لەلایەن حکومەتەوە بۆ 12 موچە بەرزدەبێتەوە، دواى ئەوەى حکومەت ڕێکارەکانى بۆ پاشەکەوتکردنى موچەى پێنج مانگ لەمساڵدا دەستپێکرد.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی بەدواداچوونى ناس کورد (12ی تشرینی یەکەمی 2020) وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای لە گەنجینەكان كردووە، لیستی موچەی مانگی ئەیلول ئامادەبكەن بەمەبەستی دابەشكردنی موچە، بەو پێیەش سێ موچەی کابینەی هەشتەم و دوو موچەی ئەم کابینەیەش پاشەکەوت دەکرێت و ئەم مانگە موچەی مانگی نۆ دابەش دەکرێت.
حكومەتی هەرێم لە كۆتاییەكانی ساڵی 2015ەوە دەستیكردووە بە پاشەكەوتكردنی موچە و لەو ساڵەدا، چوار موچەی تەواوەتی فەرمانبەران و سێ موچە و نیوی مامۆستایانی بەتەواوەتی پاشەكەوت كردووە.
هەروەها لە ساڵی 2016 بەردەوامیدا بە پاشەكەوتكردنی موچە کە رێژەیەك لە موچەی فەرمانبەران دەبڕدرا لەنێوان لەسەدا 10 بۆ لەسەدا 75.
لە ساڵی 2016 حكومەتی هەرێم 12 موچەی دابەشكرد،بەڵام بە پاشەكەوتكردنی رێژەیەك لە موچەی فەرمانبەران.
لە ساڵی 2017 بەردەوام بوو لەسەر پاشەكەوتكردنی موچە و 11 موچەی ئەو ساڵە بە پاشەكەوتكردنی رێژەیەك لە موچەی فەرمانبەرانەوە دابەشكرا، موچەی یەك مانگی ئەو ساڵەشی بەتەواوەتی پاشەكەوت كرد.
هەروەها لەساڵی 2018 پاشەكەوتكردنی موچە لەلایەن حكومەتەوە بەردەوام بووە و لەو ساڵەدا سێ موچە بەتەواوەتی پاشەكەوتكراون و نۆ موچە بە پاشەكەوتەوە دابەشكراون.
لە ساڵی 2019 پاشەكەوتی رێژەیی موچە لەلایەن حكومەتەوە هەڵگیرا، بەڵام سێ مانگی ئەو ساڵە دابەشنەكراون، لەمساڵیشدا درێژە بە دابەشكردنی موچەى ئەو مانگانە درا كە لە ساڵی 2019 نەدرابوون و تا ئێستا چوار موچە دابەشكراون.
بەگوێرەی بڕیارەكەی دارایی بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی نۆ، بە كۆی گشتی لە ساڵی 2019 و 2020 تاوەكو ئێستا چوار موچەی تەواوەتی پاشەكەوتكراون و دوو موچەش بە لێبڕینی لەسەدا 21ەوە دابەشكراون كە بەپێی قسەی شارەزایەكی ئابوری ئەو لێبڕینە وەك پاشەكەوت نییە كە هیوای گەڕاندنەوەی بۆ موچەخۆران هەبێت.
بەو پێیەش لە ساڵی 2015ەوە تاوەكو ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە كۆی گشتی موچەی یەك ساڵی فەرمانبەران واتە 12 موچەی بەتەواوەتی پاشەكەوت كردووە و 32 مانگیشی بە پاشەكەوتەوە دابەشكردووە و دوو مانگیش بە لێبڕینی لەسەدا 21.
د. ئاراس خۆشناو، سەرۆكی سەنتەری زانیاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیجی كوردستان و شارەزای ئابوری بە ناس كوردی راگەیاند، كۆی گشتی قەرزی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە نزیكەی نۆ ملیار دۆلار.
حکومەتى هەرێم تا ئێستا هیچ نیازێکى پیشاننەداوە بۆ پێدانەوەى موچەى پاشەکەوتکراوى فەرمانبەران، هەروەها ڕێگە بە فەرمانبەران نادات قەرزەکانى وەک کارەبا و ئاو لەو پارەیە بدەن، سەرەڕاى چەندین داواکارى لەو بارەیەوە.