ناس کورد-
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستپێشخەری "خستنەسەرکاری" بۆ دۆزینەوەى هەلی کار بۆ گەنجان ڕاگەیاند، وەزیری کاریش دەڵێت، "10 هەزار بێکار هەڵگری بڕوانامەی باڵان".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق (12ی تشرینی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند، کازمی لەگەڵ ئەندامانی تیمەکەى کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی دەستپێشخەرییەکە و داوای لە تەواوی دامودەزگاکان کرد هاوکاری ئەو هەنگاوە بکەن و ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی نەهێڵن.
هەروەها کازمى پشتیوانى خۆى بۆ پڕۆژەى کاراکردنى ئەنجومەنى خزمەتى فیدراڵى دەربڕیوە.
لاى خۆیەوە، وەزیرى کارى عێراق ڕایگەیاندووە، ئەنجومەنى خزمەتى فیدراڵى کاریگەرى دەبێت لەسەر سیاسەتى دامەزراندن، حکومەت روبەڕووى ژمارەیەکى زۆر بێکار بووەتەوە بەهۆى سیاسەتى بێبەرنامەى دامەزراندنەوە.
وتیشى "زیاتر لە 10 هەزار کەسى بێکار هەڵگری بڕوانامەی باڵان".
هاوکات سەرۆکى ئەنجومەنى ئەنجومەنى خزمەتى فیدراڵى باسى لەوەکردووە، لەڕێگەى ئەو دەستپێشخەرییەوە زانیارییەکان کۆدەکەنەوە بۆ زانینى ژمارەى ئەو کەسانەى بەدواى کاردا دەگەڕێن.