ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح
لە مانگی نیسانی ڕابردووەوە هیچ کارمەند و ڕاگیراوێکی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی سلێمانی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبووە، چەند ڕێسا و سیستمێک پەیڕەو کراوە بۆئەوەی کەمترین بەرکەوتن هەبێت لەنێو زیندانیاندا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
فەرهاد قادر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەوران لە سلێمانی (12ی تشرینی یەکەمی 2020) لە لێدوانێکدا بەناس کوردی ڕاگەیاند: "دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەهەرێمی کوردستان نزیکە 20 کارمەند وڕاگیراوی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان توشی نەخۆشییەکە بوون".
وتیشی: "دوای پەیڕەوکردنی ڕێکاری تەندروستیی توند بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی وبەسەرپەرشتی خودی وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی هیچ حاڵەتێکی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە مانگی نیسانی ڕابردوودا لە ناو بەڕێوەبەرایەتییەکمان تۆمار نەکراوە".
بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، " لە ئێستادا نزیکەی هەزار و 200 ڕاگیراو لە ناو گرتووخانەی چاکسازی گەورانی سلێمانیدا هەیە، بۆ ئەوەی کەمترین بەرکەوتنیان لەگەڵ یەکتردا هەبێت هەرهەشت ڕاگیراوێک لەهەوڵێکدا جێگیرکراون وهەموو ڕۆژێکیش هەوڵەکانیان پاگژە دەکرێت".
ئەوەشی خستە ڕوو، "سەردانی کەسوکاری زیندانییەکان بە سیستەم کراوە وماوەی سەردانەکەش کەمکراوەتەوە و هەر لەسەردانێکدا تەنها ژمارەیەکی زۆر کەم لەهۆڵی پێشوازی چاکسازییەکەدا چاویان بە خێزانەکانیان دەکەوێت، ئەوەش لەژێر چاودێری وردی نۆرینگەی پزیشکی ناو بەڕێوەبەرایەتییەکە بەڕیوە دەچێت".