گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’پەرەسەندنێكی مەترسیدار لە گرتنی شێروان شێروانی هەیە’’

فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغدا: ژیانی شێروان شێروانی لە مەترسیدایە

2020.10.12 - 18:17
App store icon Play store icon Play store icon
فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغدا: ژیانی شێروان شێروانی لە مەترسیدایە

ناس كورد-

فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ئیدانەی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنوس شێروان شێروانی دەكات و دەڵێت، ژیانی ئەو ڕۆژنامەنوسە لە مەترسیدایە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

فراكسیۆنی گۆڕان لە راگەیەنراوێكدا (12ی تشرینی یەکەمی 2020) دەڵێت، لە هەرێمی كوردستان ئازادی ڕادەربڕین بۆ "نزمترین ئاست"ی پاشەكشەی كردوە ئەوەش بەهۆی ئەو رێكارە پۆلیسیانەوە كە دەسەڵاتدارنای هەرێم بەتایبەت هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەم دواییانە گرتویانەتەبەر بۆ دەستگیركردنی چالاكواناندا لەنێویشیاندا رۆژنامەنوس شێروان شێروانی كە خاوەنی دەنگێكی دلێرە لە پارێزگای دهۆك.

 

ئاماژەی بەوەشداوە كە وێڕای ئەوەی دەستگیركردنی شێروان شێروان بەبێ هیچ رێكارێكی یاسایی بوە، ئەوەشی بە پەرەسەندنێكی مەترسیدار ناوبردوە كە ناوبراو لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە تۆمەتباركراوە بەوەی لەلایەن لایەنی دەرەكییەوە هاندراوە بۆ تێكدانی دۆخی هەرێم و هێرشكردنی سەر هەندێك كەسایەتی.

 

ڕۆژی یەکشەممە (11ی تشرینی یەکەمی 2020)  دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لەحكومەتی هەرێم رایگەیاندبو كە "لەکاتى لێکۆڵینەوەى سەرەتایى شێروان شێروانى دانى بەوە ناوە کە ئەو لە سەرچاوەى دەرەکییەوە یارمەتی دارایی کراوە بۆ دروستکردنى ئاڵۆزى و پشێوى، ناشیرینکردن و وتنى قسەى نەشیاو بە پەرپرسان و کەسانى خاوەن پێگەى کۆمەڵایەتى دیاریکراو."

 

فراكسیۆنی گۆڕان، "ئەو لێدوانانە وامان لێدەكەن زۆر نیگەران بین لەباترەی دۆخی ئەو رۆژنامەنوسە چونكە بەمانای ئەوەن كە روبەڕوی جۆرەها ئەشكەنجە بۆتەوە."

 

هەروەك ئاماژەی بەوەداوە كە دەستگیركردنی ئەو رۆژنامەنوسە هاوكاتە لەگەڵ ئەوەی مامۆستا بەدەل بەرواری، یەكێك لە چالاكوانی دیكەی دەستگیركراوی دهۆك، وێڕای بڕیاری بێتاوانی لەلایەن دادگاوە، بۆ ماوەی چەند مانگێكە لە زیندان هێڵدراوەتەوە.

 

فراكسیۆنەكە ئیدانەی ئەو جۆرە رەفتارە سەركوتكارانەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانی كردوەو رایگەیاندوە كە ژیانی شێروان شێروانی لە مەترسیدایەو داوای لە دەسەڵاتدارنای عێراق و نەقیبی سەندیكانی رۆژنامەنوسانی عێراق و هەروەها رێكخراوەكانی كۆمەڵگكەی مەدەنی باڵیۆزخانەكانی وڵاتان و نەتەوە یەكگرتوەكان كردوە، دەستوەردانی پەلەبكەن و گوشار لەسەر حكومەتی هەرێم دروست بكەن بۆ ئازادكردنی ئەو رۆژنامەنوسەو دەستگیركراوانی دیكە.