گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕێککەوتنەکەى هەولێر و بەغدا لەژێر نەشتەرى ئێراندایە

ڕاپۆرتێکى ئیماراتی: ئێران حەشدی شەعبی و پەکەکە یەک دەخات دژی هەرێم و بەغدا

2020.10.12 - 16:36
App store icon Play store icon Play store icon
ڕاپۆرتێکى ئیماراتی: ئێران حەشدی شەعبی و پەکەکە یەک دەخات دژی هەرێم و بەغدا

ناس کورد-

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئیماراتی، ڕێککەوتنەکەی بەغدا و هەولێر لەبارەی شنگالەوە لەژێر نەشتەری ئێراندایە و دەیەوێت لەڕێگەی مانەوەی حەشدی شەعبیەوە هەژموونی خۆی لە ناوچەکە بپارێزێت و لەو چوارچێوەیەدا پشتگیری مانەوەی پەکەکەش دەکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە ڕاپۆرتێکدا میدڵ ئیست ئۆنلاین دەربارەی ڕێککەوتنە نوێیەکەى  نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەى بارودۆخى قەزای شنگال ئاماژەی بەوەکردووە: "ڕەنگە ڕێککەوتنەکە لە ئاست چاوەڕوانییەکانى هەرێمدا نەبێت، بەتایبەت بەڕێوەبردنى ناوچەکە لەڕووى سەربازى و ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە دەبێتە هاوبەش، بەڵام دەرفەتێکى باشە بۆ گەڕانەوەى متمانە لەنێوانیاندا کە لەدواى ڕوداوەکانى ئۆکتۆبەری ساڵى 2017ەوە بەهۆى ڕیفراندۆمی هەرێمەوە بێ متمانەییەک لەنێوانیاندا دروستبووە.



باسی لەوەشکردووە، گەرچى ئەو ڕێککەوتنە نەیتوانیوە هەموو لایەنە کوردستانیەکان ڕازى بکات، بەڵام یارمەتى چارەسەرکردنى کێشە هەڵواسراوەکانى ترى نێوان بەغدا و هەرێم دەدات و ئەوە بە واتاى ڕەتکردنەوەى نایەت، لەگەڵ ئەوەشدا پرسیارى سەرەکیى ئەوەیە ئاستى جێبەجێکردنى ئەو ڕێککەوتنە لەلایەن لایەنەکانەوە  چەندە و بەربەستەکانى بەردەمى چین..؟

 

میدڵ ئیست ئۆنلاین دەشڵێت، گرنگترین ئاڵنگارى دووچارى ڕێککەوتنەکە دەبێتەوە، هەڵوێستى گروپە چەکدارەکانە بەتایبەتى گروپە شیعەکان و پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) کە لەو ناوچەیەدا بەرژەوەندیى هاوبەش یەکیخستوون و چەندین بازگەى سەربازى هاوبەشیان لەناوچەکەدا هەیە.

 

بەوتەى میدڵ ئیست ئای، خاڵى سەرکەوتنى ئەو هەماهەنگیەی نێوان گروپە شیعەکان و پەکەکە کە لە شنگالدا هاتووەتە کایەوە بەتایبەت دواى ئازادکردنى قەزاکە لەژێر دەستى داعش ، بوونى ئێرانە کە لەپشتەوەى ئەو هەماهەنگیەوە ڕاوەستاوە و دەیەوێت لەڕێگەى ئەو دوو لایەنەوە (حەشدی شەعبی و پەکەکە) لەو ناوچەیەدا بمێنیتەوە. 

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، هەر بۆیە لەسەرەتاى ڕاگەیاندنى ڕێککەوتنەکەوە چەند دەنگێکێ نەشاز بەرزبوونەوە و ڕێککەوتنەکەیان ڕەتکردەوە، ئەو هێزانەش شوناس و پەیوەستبوونیان ئاشکرایە کە لەژێر چ کاریگەریەکدان.



لەدرێژەى ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، لەبەرژەوەندى پەکەکەدایە لەو ناوچەیەدا بمێنێتەوە بۆ ئەوەى جموجۆڵەکانى لەنێوان هەرێمى کوردستان و چیاى قەندیل و خۆسەرى ڕۆژئاوادا پارێزراوبێت و ئامانجى ئێرانیش لەمانەوەى هەژمونەکەى لەو ناوچەیە بەردەوامى پەیوەندیەکانیەتى لەگەڵ سوریا و لوبناندا، ئەوەش لەڕێگەى ناوچەکانى شنگالەوە بۆى مەیسەر دەبێت و کشانەوەى ئەو هێزانەش لە شنگال دەبێتەهۆى ئەوەى نیوەى ڕووبەرى ئەو ناوچەیە لەدەستبدات کە تا ئێستا توانیویەتى لەو ڕێگەیەوە لەگەڵ سوریادا بەردەوام بێت.



لە کۆتاى ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، گەرچى ئێران بە کێشە ناوخۆیى و نێودەوڵەتیەکانیەوە دەناڵێنیت و پەکەکەش فشارێکى زۆرى لەسەرە لەلایەن تورکیاوە، بەڵام ئێران بەردەوام دەبێت لە فشارە سیاسییەکانى بۆ سەر حکومەتەکەى کازمى لە ڕێگەى لایەنە شیعەکانەوە کە لەژێر هەژمونیدان و بەدووریش نازانرێت بەوهۆیەوە لە شنگال قەیرانى ئەمنیى و سەربازى دروستبکرێت.

 

ڕۆژی ھەینی (9ی تشرینی یەکەمی 2020)، ھەردوو حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان ڕێککەوتنێکیان بۆ ئاسایی کردنەوە دۆخی شنگال واژوو کرد و ڕێککەوتنەکەش بە مێژووی وەسفکرا.       

  

بەپێی دەقی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەناوی "ڕێکەوتنی گەڕانەوەی سەقامگیری و ئاساییکردنەوەی بارودۆخ لە قەزای شنگال" کە بە سێ تەوەر جیاکراوەتەوە و کۆپیەکی دەست ناس کورد کەوتووە، لە تەوەری ئیدارییدا ھاتووە، قائیمقامێکی نوێ بۆ شنگال دیاریدەکرێت کە کەسێکی دەستپاک و پیشەیی و سەربەخۆ بێت و قبوڵکراو بێت، لەلایەن لیژنەی پێکھێنراوی ھاوبەش پۆستە ئیدارییەکانی تر دادەنرێت و پێویستە پیشەیی بوون و دەستپاکی و پێکھاتەی کۆمەڵایەتی لەبەرچاو بگیرێت.      

  

لە دەقی ڕێککەوتنەکە کە لە بەرورای 1ی تشرینی یەکەمی 2020 لەلایەن حەمید ڕەشید فلەیح، وەکیلی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بە نوێنەرایەتی حکومەتی ناوەند و ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی ھەرێم واژۆکراوە، سەبارەت بە میحوەری ئەمنی ڕونکراوەتەوە، پۆلیسی ناوخۆیی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ھەواڵگری بەرپرسیارێتی ئاسایشی قەزاکە دەگرنە ئەستۆ.      

  

باسلەوەشکراوە، سەرجەم پێکھاتە چەکداریەکانی تر دەکرێنە دەرەوە و ٢٥٠٠ ئەندام بۆ ھێزی ئاسایشی ناوخۆیی دادەنرێن و ئاوارەکانی خێوەتگەکان کە خەڵکی شنگالن بەشداریان پێدەکڕێت، ھەروەھا کۆتایی بەبوونی پەکەکە لە شنگال و دەوروبەری دەھێنرێت و بونیان نامێنێت لەناوچەکە.