ناس کورد-
بەدوای پێداگریی دۆناڵد ترەمپ لەسەر بڵاوكردنەوەی ئیمێڵەكانی هیلاری كلینتۆن لەو كاتەی وەزیری دەرەوە بووە لە ئیدارەی ئۆباما، جۆرەها چیرۆك و بەسەرهاتی جیاجیا لەبارەی عێراقەوە بڵاون لەبارەیەوە بەڵام چاودێرێكی شارەزا سەرجەمیان ڕەت دەكاتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
رۆژنامەنووس و چاودێری عێراقی لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ڕیاز ئەحمەد لە وتارێكدا كە لەبەشی عەرەبی "ناس نیوز" بڵاویكردووەتەوە (11/ 10/ 2020) باس لەوە دەكات ئەو ئیمێڵانە 35 هەزارن لەو ژمارەیەش 17779 یان ناوی عێراقیان تێدایە، پاش گەڕان و پشكنین بەزۆربەشیاندا دەركەوتووە بابەتی ئاسایی و لینكی هەواڵ و بابەتە ڕۆژنامەوانییەكانن و هیچ شتی هەستیار و گرنگیان تێدا نییە.
ئەم چاودێرە دەڵێت "هیچ لەوانەم نەدی لە گەڕانەكاندا كە دەروون نەخۆشە عێراقییەكان تەسەوری ئەكەن و عەرەب و موسوڵمان خەیاڵیان بۆی دەچێت لەباسی داعش و ئیخوان و ئێران".
بەقسەی ئەم رۆژنامەوان و توێژەرە عێراقییە ئەو ئیمێڵانەی باسی عێراق دەكەن 5% كۆی ئیمێڵەكانی وەزارەتی دەرەوەن.
ئەم ڕوونكردنەوەیە لە كاتێكدایە لەپەیجی هەندێ چالاكوان و تۆڕی كۆمەڵایەتی ئەوە بڵاوە كە گوایە لە ئیمێڵەكاندا ئەوە هاتووە كە برێت مەكگۆرك لەسەربانی كۆشكێكی سیادی عێراق سێكسی لەگەڵ كچێكی پەیامنێرى فۆرین ئەفێرز کە نیشتەجێى ئەمریکایە كردووە، یان ئۆباما و هیلاری پاڵپشتی ئیخوان بوون و ئێرانیش داعشی دروستكردووە.