گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

بازاڕ پڕبووە لە بەروبوومی پەلەوەری بیانی

هەرێم و بەغداد ڕای جیاوازیان هەیە لەسەر هاوردەکردنی هێلکە [تایبەت]

2019.05.03 - 19:22
App store icon Play store icon Play store icon
هەرێم و بەغداد ڕای جیاوازیان هەیە لەسەر هاوردەکردنی هێلکە [تایبەت]

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد- وێڕای ئەوەی عێراق بڕیاری داوە بە قەدەغەکردنی هاوردەی هێلکە و پەلەوەر، بەڵام بازاڕی هەرێم و عێراقیش پڕن لە بەروبومە پەلەوەرییە بیانییەکان، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت ئەوان بڕیاری قەدەغەی هاوردەی هێلکە و بەروبومەکانیان داوە، لە بەرامبەریشدا هەرێم ڕەتی دەکاتەوە بڕیاری لەو جۆرەیان بەدەست گەیشتبێت. . هاوردەکردنی هێلکە بەجۆرێکە لە بازاڕەکانی عێراق و تەنانەت لەسەر شەقامەکانیش هێلكە بە نیوەی نرخی بەرهەمە ناوخۆییەکان دەفرۆشرێت، ئەوەش ناڕازیی بوونی خاوەن کێڵگەکانی پەلەوەری بەدوای خۆیدا هێناوە. . نرخی هێلکەی هاوردە نیوەی نرخی هێلکەی ناوخۆیە یەک تەبەق هێلكەی بەرهەمی ناوخۆ، تێچۆکەی دەگاتە چوار هەزار دینار، لەو بارەیەوە سەعد ئەلبودێری خاوەن کێڵگەیەكی پەلەوەر لە پارێزگای دیوانیە بە ناس-ی ڕاگەیاندووە: "بازاڕ پڕ بوە لە هێلكەی هاوردەكراو، تەبەقێكی بە 2 هەزار و 500 دینارە، ئەوە ناچاریكردووین بەرهەمەكانمان بە كەمتر لەو نرخە بفرۆشین بۆ ئەوەی لەوە زیاتر زەرەر نەکەین". . ئەو خاوەن کێڵگەیە ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەوەی تێچووی هەڵگرتنی هێلکە لە ساردکەرەوەکاندا زۆرە و وەرزی هێلکەش دوورودرێژە ناچارن بەرهەمەکانیان بەهەر نرخێک بێت بفرۆشن، کە ئەوەش ڕەنگە وایان لێبکات کێڵگەکانیان دابخەن. . قەدەغەكردنی بەروبومە پەلەوەرییەکان خاوەن كێڵگەکانی ناوخۆی عێراق سەریان سوڕماوە کە لەگەڵ ئەوەی بڕیاری قەدەغەكردنی هاوردەكردنی هێلكە هەیە، بەڵام هێشتا هەر هاوردە دەکرێت. . عێراق پێشتر هێلكەی لە ئۆكرانیاوە هاوردە دەكرد، ئەوەش لە ڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە، وەزارەتی كشتوكاڵیش ڕتیكردۆتەوە هیچ مۆڵەتێكی فەرمییان بە هیچ لایەنێك دابێت هێلكە هاوردە بكات . . لەو بارەیەوە نوسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقی تایبەت بە ناس-ی ڕاگەیاند: "وەزارەتەکەمان هیچ مۆڵەتێكی یاخود ڕێگەپێدانێكی فەرمی نەداوە بە هیچ لایەنێك، کە هێلكە و پەلەوەر هاوردەی عێراق بكات، چونکە بەرهەمی خۆماڵی بەشی بازاڕی ناوخۆ دەكات، دەبێت دەزگا ئەمنییەكانیش ڕێگاربن لە هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانە لە هەر دەروازەیەكی سنورییەوە بێت". . لەلایەكی دیکەوە، عەلادین ئەلقەیسی وتەبێژی دەستەی دەروازە سنورییەكانی عێراق تایبەت بە ناس-ی ڕاگەیاند، زۆربەی بابەتە قەدەغە كراوەكان، لە دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستانەوە دێنە ناو عێراقەوە. . هەرێمی کوردستان چی دەڵێت لەو بارەیەوە؟ ساماڵ عەبدولرەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان لەو بارەیەوە تایبەت بە ناس-ی ڕاگەیاند: "ئێمە هیچ بڕیارێكمان لە بەغدادەوە پێنەگەیشتوە بۆ قەدەغەكردنی هاوردەی هیلكە و پەلەوەر، ئەوەشی لە دەروازە سنورییەكانەوە دێتە هەرێمەوە، تەواوی مەرجەکانی سەلامەتی تێدایە، لەو وڵاتانەشەوە هاوردە دەكرێت كە نەخۆشی پەلەوەریان تێدا نیە". . لە بارەی ڕێککەوتنی هەرێم و عێراق لەسەر یەکخستنی دەروازە سنورییەکان، كازم ئەلعیقابی سەرۆكی دەستەی دەروازە سنورییەكانی عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی ئاشکرا کردووە، لە دوا كۆبوونەوەیاندا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم لە هەولێر سەبارەت بەیەكخستنی ناساندنی گومرگی و جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق وتووێژەكانی ئەمجارەیان دووربوونە لە لێكتێگەیشتنەكانی پێشووتر، دەشڵێت، هەرێمی كوردستان داوای مۆڵەتی شەش مانگی کردووە بۆ بڕیاردان لەبارەی بەستنەوەی دەروازە سنورییەکانی هەرێم بە عێراقەوە. .