ناس کورد-
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پەکەکە ڕایگەیاند، پارتی هیچ بەڵگەیەکی نییە بە تۆمەتبارکردنی پەکەکە بە کوشتنی بەرپرسەکەی ئاسایش و دەشڵێت، لەماوەیەکی نزیکدا بە فەرمی وەڵامی پارتی دەدەنەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، 8ی تشرینی یەکەمی 2020، غازی ئالیخان، بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەی سەرزێرێی سنوری قەزای ئامێدی لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا بە چەکی جۆری قەناس تەقەی لێ کراو و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
دواتر (10ی تشرینی یەکەمی 2020) ئاسایشی هەولێر ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و تیایدا پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە )یان تۆمەتبار کرد بە کوشتنی بەڕیوەبەری ئاسایشی سەرزێڕ و بە کارێکی تیرۆریستی لە قەڵەمیاندا.
لەوبارەیەوە ناس کورد پەیوەندی کرد بە بەرپرسانی پەکەکە، بەڵام ئامادەنەبوون لەوبارەیەوە هیچ لێدوانێکی فەرمی بدەن.
بەڵام سەرچاوەیەکی باڵا لە پەکەکە بە ناس کوردی وت: "پارتی لە تۆمەتبارکردنی پەکەکە هیچ بەڵگەیەکیان نییە و ئەو پڕوپاگەندانەشی دەیکەن لە چوارچێوەی دژایەتیەکانیاندایە بۆ پەکەکە."
ئەو سەرچاوەیە وتیشی: "هەڤاڵانی پەیوەندیدار بۆ ئەو باسە لەسەر خەتن و ڕەنگە لەماوەیەکی نزیکدا وەڵامی تۆمەتەکانی پارتی بدەینەوە، بەڵام لەبەر هەستیاری بابەتەکە جارێ هیچ قسەیەکی فەرمیمان نابێت."