ناس کورد-
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی ڕایگەیاند، کارمەندەکانیان بایکۆتی دەوامیان کرد و دەشڵێت، دەوامی پۆلی یەک و دووی بنەڕەتی لە هیچ قوتابخانەیەکی سلێمانی ناکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەکر محەمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی لە سێشەممەی ڕابردووەوە کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان ڕاگەیاند، کارمەندانی ئێمەش وەک بەڕێوەبەرایەتیی پەرەوەردەی ڕۆژئاوا بایکۆتی دەوامیان کرد."
وتیشی: "بایکۆتکردنەکە بەهۆی دواکەوتن و نەدانی موچەوەیە و چاوەڕوان دەکرێت بە هاتنی موچە بگەڕێنەوە بۆ دەوام، ئێمەش بەهەموو شێوەیەک پشتگیریان دەکەین و مافی خۆیانە و داوای مافی خۆیان دەکەن."
سەبارەت بە دەوامکردن لە قوتابخانەکاندا، بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوا ئاماژەی بەوەکرد: "نزیکەی %85ی قوتابیانی پۆلی 12 دەوام دەکەن، بەڵام هیچ قوتابییەکی پۆلی یەک و دووی بنەڕەتی کە دوێنێ دەوامیان دەستی پێکرد، لەسنوری سلێمانی دەوام ناکەن."
باسی لەوەشكرد، هەتاوەکو موچە دابەش نەکرێت و وەڵامی داواکاری مامۆستایان نەدرێتەوە، ئەم دۆخە و بایکۆتی مامۆستایان بەردەوام دەبێت.