گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناوەڕۆکەکەى بخوێنەوە

شاندێکی هەرێم دەچێتە بەغدا بۆ یەکلاییکردنەوەى چەند پرسێک

2020.10.11 - 10:14
App store icon Play store icon Play store icon
شاندێکی هەرێم دەچێتە بەغدا بۆ یەکلاییکردنەوەى چەند پرسێک

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح 

جێگری سوپا سالاری هێزەکانی پێشمەرگە ڕایگەیاند، بڕیارە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە شاندێکی وەزارەتی پێشمەڕگە سەردانی بەغدا بکات بەمەبەستی پتەوکردنی هەمانگەییەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بەتایبەت لەبارەی دروستکردنی بنکە هاوبەشەکانی نێوانیان لە ناوچە جێناکۆکەکان. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

قارەمان کەمال، جێگری سوپا سالاری هێزەکانی پێشمەرگە ( 11ی تشرینی یەکەمی 2020) لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "بڕیارە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدا بکات و شاندێکی وەزارەتی بەرگریی عێراقدا کۆببنەوە." 

 

وتیشی: "پتەوکردنی هەماهەنگییەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان هەردوولا، گرنگترین تەوەری کۆبوونەوەکانی نێوانیان دەبێت." 

 

جێگری سوپاسالاری هێزەکانی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکرد: "لە ساڵی 2020 دا وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق  دووجار کۆبوونەتەوە، کۆبوونەوەی ئایندە کە بڕیارە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە ئەنجام بدرێت دەبێتە سێیەم کۆبوونەوە لەماوەی ئەمساڵدا، ئەمە لەکاتێکدایە کە لە ساڵی 2019 تەنها دوو جار کۆبووینەتەوە".

 

جەختیشیکردەوە: "کۆبوونەوەکان لەماوەی ڕابردوودا ئەنجامی باشی هەبووە، میکانزمی دروستکردنی ژوورەکانی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان نێوانمان و بنبڕکردنی چەکدارانی داعش لە ناوچەکانی نێوان سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە دەبێت".



قارەمان کەمال باسی لەوەشكرد: "ئەو کۆبوونەوانەی کە لە نێوانماندا ئەنجامدەدرێت کۆبوونەوەی خولیین وهەردوولا بڕیاریانداوە بەمەبەستی  هەماهەنگی و لێکتێگەیشتن  ناوبەناو کۆببینەوە".

 

سەرباری ڕێککەوتن هەرێم و بەغدا لەسەر پێکھێنانی شەش ژوری ھەماھەنگی لە ناوچە جێناکۆکەکان، بەڵام ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، ھۆکاری دواکەوتنی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە نەبوونی سەرچاوەی بڕیارە لە بەغدا.  

  

بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان (10ی تشرینی یەکەمی 2020) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند، پێشتر ڕێککەوتن ھەبووە لە نێوان ھەرێم و بەغدا بۆ پێکھێنانی ژمارەیەک ناوەندی ھەماھەنگیی ھاوبەش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەڵام سەرەڕای ھەبوونی ڕێککەوتن و دانوستان، پڕۆسەی کردنەوەی ناوەندە ھاوبەشەکان دواکەوتووە و دیاریش نییە کەی دەکرێنەوە و دەستبەکار دەبن.  

  

بابەکر زێباری دەشڵێت، ھۆکاری دواکەوتنی کردنەوەی ناوەندی ھاوبەش بۆ ئۆپەراسیۆن، بۆ ناسەقامگیریی رەوشی عێراق و نەبوونی سەرچاوەی بڕیار لە عێراق دەگەڕێتەوە، "چونکە ھیچ ناوەندێکی بڕیار لە عێراق نییە تا بڕیاری کۆتایی لەسەر کردنەوەی ناوەندە ھاوبەشەکانی ھەماھەنگی بدات."  

  

ئاماژەى بەوەشکرد، ئەگەر ناوەندی ھەماھەنگی بکرێنەوە و ھەماھەنگی بکرێت لە نێوان پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکاندا، ئەوە "بێگومان کاریگەری لەسەر ڕەوشی ئەمنیی ئەو ناوچانە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرێستانی داعش دەبێت، چونکە بۆشایی ئەمنی دروست بووە و چەکدارانی داعش کەڵک لە بۆشایی ئەمنی وەردەگرن بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی و خۆڕێکخستنەوە."