گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزیری نەوتی عێراق پێشبینیەکی مژدەبەخشی بۆ نرخی نەوت هەیە

2020.10.11 - 09:57
وەزیری نەوتی عێراق پێشبینیەکی مژدەبەخشی بۆ نرخی نەوت هەیە

ناس کورد-

وەزیری نەوتی عێراق پێشبینی دەکات نرخی نەوتی خاو لە چارەکی کۆتایی ئەمساڵدا لە دەوروبەری 41 بۆ 42 دۆلاردا بمێنێتەوە و دەڵێت، "چاوەڕێ دەکرێت لە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوو نرخەکەی بەرز بێتەوە."

 

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق (11ی تشرینی یەکەمی 2020) لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی "سەباحی" فەرمی عێراقی ڕایگەیاند، لەمساڵدا نرخی نەوت لەم ئاستەى ئێستایدا جێگیر دەبێت، بەڵام "لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2021دا نرخەکەى بەڕێژەى 3% زیاد دەبێت و نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت دەگاتە 45 دۆلار."

 

ئیحسان عەبدورلجەبار وتیشی، لەئێستادا پشکی هەناردەی نەوتی عێراق لە دوو ملیۆن و600 هەزار بەرمیل جێگیرکراوە، ئاشکراشی کرد کە نرخی بەرمیلێک نەوت لە بودجەی گشتی ساڵی 2021دا بە 42 دۆلار دیاریکراوە.

 

ڕاشیگەیاند، عێراق پابەندە بەو پشکەی کە لەلایەن ڕێکخراوی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت (ئۆپیک پڵەس) بۆی دیارکراوە، "بەڵام دەرفەتی ئەوەش هەیە کە لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ڕێکخراوەکە تاوتوێی زیادکردنی پشکی عێراق بکەین لە هەناردەکردنی نەوتەکەی".

 

وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرای کردوە کە "لە یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2021 نرخی یەک بەرمیل نەوت بە  42 دۆلار جێگیرکراوە، ئەوەش بەڕەچاوکردنی ئەو بارودۆخەی کە لەئێستادا جیهانی پێدا دەگوزەرێت".