گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یەکەم کاردانەوەى ئەمریکا لەبارەى ڕێککەوتنەکەى هەرێم و بەغدا

2020.10.11 - 08:36
App store icon Play store icon Play store icon
یەکەم کاردانەوەى ئەمریکا لەبارەى ڕێککەوتنەکەى هەرێم و بەغدا

ناس کورد-

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشوازی لە ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا کرد لەبارەى شنگال و داوا دەکات دانیشتوانی ئەو شارە "بەشێک بن لە پلانی گێڕانەوەى ئاسایش و سەقامگیری بۆ ناوچەکە."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە ڕاگەیەنراوێکدا، وەزارەتی دەرەوەى ئەمریکا دەڵێت، واشنتن پێشوازی "لە هەوڵی ئەمدواییەی هەردوو حکومەتى عێراق و حکومەتى هەرێمی کوردستان دەکات بە هەماهەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردنی عێراق و چارەسەرکردنی ئاڵنگارییە سیاسی و ئەمنییەکان لە شنگال،" هاوکات ئومێدەوارە "ڕێککەوتنەکە ببێتەهۆی دروستکردنی کەشێک بۆ گێڕانەوەى سەقامگیری و گەڕانەوەى خۆبەخشانەى ئەو کەسانەى بەهۆی شەڕی داعشەوە ئاوارە بوون."

 

دەشڵێت، "ئەمریکا داوا دەکات گرنگی زیاتر بدرێت بە خەڵکی شنگال، بە تایبەت قوربانیانی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدەکان، دەبێت ئەوان لەناو هەر پلانێکدا بن کە مەبەستی گێڕانەوەى ئاشتی و ئاسایشە بۆ ناوچەکە."

 

یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان  پێشوازیکردنی لە ڕێککەوتنەکەی بەغدا و هەرێم لەسەر شنگال ڕاگەیاند و بەرپرسێکی ئەو حزبە لەقەزاکە دەڵێت، ئەوە پێویستییەکی مێژوویی بوو، بەڵام دژی ئەوە دەوەستنەوە هیچ کەس و ئیدارەیەک بەسەر خەڵکی شنگالدا بسەپێنرێت.   

  

داود جوندی سلێمان، بەرپرسی مەڵبەندی 15ی ڕێکخستنی شنگالی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: " ئێمە پێشوازی لەڕێککەوتنەکە دەکەین و ئەوە پێویستییەکی مێژوویی بوو کە دەبوو بکرایە، چونکە بۆ یەکلاکردنەوەی هەندێک پرسی تایبەت بە ئاوەدانکردنەوە و ئەمنییەت و گەڕانەوەی ئاوارەکان گرنگە."  

  

وتیشی: "لەگەڵ ئەوەشدا پێمانوایە نابێت حکومەتی ناوەند یاخود لایەنێکی سیاسی دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت لە شنگالدا و پێویستە خەڵکی شنگال خۆیان ئیدارەی بەڕێوەبەریی قەزاکە هەڵبژێرن، لەو پرسەدا ئێمە پشتگیری خەڵکی شنگال دەکەین، واتە ئێمە دژی ڕێککەوتنەکە نین، بەڵام دژی هەر خاڵێکین کە سەپاندنی دەسەڵات بێت بەسەر خەڵکی شنگالدا."  

  

لەدەقی ڕێککەوتنەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، قائيمقامێكى نوێ بۆ شنگال دياريدەكرێت كە كەسێكى دەستپاك و پيشەيى و سەربەخۆ بێت و قبوڵكراو بێت و هەروەها لەلايەن ليژنەى پێكهێنراوى هاوبەش پۆستە ئيدارييەكانى تر دادەنرێت.  

  

ئەو بەرپرسەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد: " ئەگەر حکومەتی عێراق بیەوێت ئیدارەیەک بەدەر لە ویستی خەڵکی شنگال بسەپێنێت، ئەوا ئەو ئیدارەیەش سەرکەوتوو نابێت و ئێمەش پشتگیری ناکەین لەوکاتەدا و لەدژی دەوەستینەوە."  

  

هەر بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، سەرجەم پێكهاتە چەكداريەكانى تر دەكرێنە دەرەوە و 2500 ئەندام بۆ هێزى ئاسايشى ناوخۆيى دادەنرێن و ئاوارەكانى خێوەتگەكان كە خەڵكى شنگالن بەشداريان پێدەكڕێت، هەروەها كۆتايى بەبوونى پەكەكە لە شنگال و دەوروبەرى دەهێنرێت و بونيان نامێنێت لەناوچەكە.  

  

بەرپرسی مەڵبەندی 15ی یەکێتی لە شنگاڵ باسی لەوەکرد، ئەو بڕیارە بۆ سەرجەم هێزەکانە و پێویستە تەنها پۆلیسی فیدڕاڵی لەناو شاردا بمێنێتەوە و سەرجەم هێزەکانی دیکە لەشارەکە بچنە دەرەوە.  

  

سەبارەت بە هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی شنگال (یەپەشە) باسی لەوەکرد، ئەو هێزە خۆیان لەخەڵکی شنگالن و بۆ پاراستنی شنگال دروست بوون، تەنها لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە نزیکن لە پەکەکە و بودجە و موچەشیان حکومەتی عێراقەوە بۆ دابیندەکرێت و لەژێر ئیدارەی حەشدی شەعبیشدان.  

  

دوێنێ هەینی 9ی تشرینی یەکەمی 2020، هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنێکیان بۆ ئاسایی کردنەوە دۆخی شنگال واژوو کرد و ڕێککەوتنەکەش بە مێژووی وەسفکرا.