گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەنجومەنی خۆسەریی دیموکراتی شنگال ڕێککەوتنەکەی بەغدا و هەرێم ڕەتدەکاتەوە

2020.10.10 - 23:07
App store icon Play store icon Play store icon
ئەنجومەنی خۆسەریی دیموکراتی شنگال ڕێککەوتنەکەی بەغدا و هەرێم ڕەتدەکاتەوە

ناس کورد-

ئەنجومەنی خۆسەری دیموکراتیکی شنگال (مەخەدەشە) کە نزیکە لە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە لەبارەی ڕێککەوتنی هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر شەنگال ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هیچ هەوڵ و بڕێارێک لە دەرەوەی ئیرادەی کۆمەڵگای ئێزدی سەرکەوتوو نابێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە ڕاگەیەنراوەکەی مەخەدەشەدا کە (شەممە 10ی تشرینی یەکەمی 2020) بڵاویکردووەتەوە، هاتووە: "لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا بە ئامانجی جینوسایدکردنی گەلی ئێزدی دوای ڕادەستکردنی شەنگال لەلایەن پارتییەوە و خاوەندارینەکردنی حکومەتی عێراق، داعش هەوڵیدا گەلەکەمان بە گشتی کۆمەڵکوژ بکات، بەڵام دوژمن ئامانجەکەی نەپێکا و دۆخەکە پێچەوانە بووەوە، کۆمەڵگای ئێزدی هێز و ئیرادە و بەرخۆدانی خۆی پیشاندا، باجی گەورەیدا و ڕێگای لە دوژمن گرت، بەرلە ٢٠١٤ ئیرادە و سیاسەتێکی پارتە سیاسیەکان لەسەر ئێزدیەکان دەسەپێنرا، بەڵام دۆخەکە تێپەڕی و ئێستاش نە کۆمەڵگا کۆمەڵگای جارانە و نە سەردەمەکەش سەردەمەکی جارانە."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: "هەر گفتوگۆ و دانوستانێک بۆ چارەسەر شەنگال و هەر پڕۆژە و بڕیارێک بە بێ وەرگرتنی بۆچوونی کۆمەڵگای ئێزدی و سەپاندنی هەندێک سیاسەت، بێئەنجام دەبن، ئێمە دەمانەوێت بۆ ئەوەی کۆمەڵگای ئێزدی بپارێزرێت و ستاتوی شەنگال هەمیشەیی ببێت، بگەینە بۆچوونێکی هاوبەش کە ئیرادە و هەبوونی کۆمەڵگاکەمان بە ئازادانە لەبەرچاو بگیرێت."

 

مەخەدەشە دەشڵێت: " شەش ساڵە شەنگال لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیەکەمانەوە بەڕیوە دەبرێت و هیچ کێشەیەکیش ڕووینەداوە و ئێمە خزمەتی گەلەکەمان دەکەین و لە خزمەتکردنیش بەردەوام دەبین."

 

جەختیشیکردووەتەوە: " هیچ هەوڵێک و بڕێارێک لە دەرەوەی ئیرادەی کۆمەڵگای ئێزدیمان، سەرکەوتوو نابێت."

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا مەخەدەشە داوای لە پێکهاتەکانی شەنگال کردووە لە بەرانبەر ئەو جۆرە بڕیارانە بێدەنگ نەبن و هەڵوێستیان هەبێت.

 

دوێنێ هەینی 9ی تشرینی یەکەمی 2020، هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنێکیان بۆ ئاسایی کردنەوە دۆخی شنگال واژوو کرد و ڕێککەوتنەکەش بە مێژووی وەسفکرا.     

  

بەپێى دەقى ڕێکكەوتنى نێوان حكومەتى عێراق و هەرێمى كوردستان بەناوى "ڕێكەوتنى گەڕانەوەى سەقامگيرى و ئاساييكردنەوەى بارودۆخ لە قەزاى شنگال" كە بە سێ تەوەر جياكراوەتەوە و كۆپيەكى دەست ناس كورد كەوتووە، لە تەوەری ئيدارييدا هاتووە، قائيمقامێكى نوێ بۆ شنگال دياريدەكرێت كە كەسێكى دەستپاك و پيشەيى و سەربەخۆ بێت و قبوڵكراو بێت، لەلايەن ليژنەى پێكهێنراوى هاوبەش پۆستە ئيدارييەكانى تر دادەنرێت و پێويستە پيشەيى بوون و دەستپاكى و پێكهاتەى كۆمەڵايەتى لەبەرچاو بگيرێت.    

  

لە دەقى ڕێکكەوتنەكە كە لە بەروراى 1\10\2020 لەلايەن حەميد ڕەشيد فلەيح، وەكيلى سەرۆكى دەزگاى ئاسايشى نيشتمانى بە نوێنەرايەتى حكومەتى ناوەند و ڕێبەر ئەحمەد، وەزيرى ناوخۆى هەرێم واژۆكراوە، سەبارەت بە ميحوەرى ئەمنى ڕونكراوەتەوە، پۆليسى ناوخۆيى و دەزگاى ئاسايشى نيشتمانى و هەواڵگرى بەرپرسيارێتى ئاسايشى قەزاكە دەگرنە ئەستۆ.    

  

باسلەوەشكراوە، سەرجەم پێكهاتە چەكداريەكانى تر دەكرێنە دەرەوە و 2500 ئەندام بۆ هێزى ئاسايشى ناوخۆيى دادەنرێن و ئاوارەكانى خێوەتگەكان كە خەڵكى شنگالن بەشداريان پێدەكڕێت، هەروەها كۆتايى بەبوونى پەكەكە لە شنگال و دەوروبەرى دەهێنرێت و بونيان نامێنێت لەناوچەكە.