گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەڵوێستی یەکێتی لەبارەی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر شنگال

2020.10.10 - 21:14
App store icon Play store icon Play store icon
هەڵوێستی یەکێتی لەبارەی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر شنگال

ناس کورد-

یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان  پێشوازیکردنی لە ڕێککەوتنەکەی بەغدا و هەرێم لەسەر شنگال ڕاگەیاند و بەرپرسێکی ئەو حزبە لەقەزاکە دەڵێت، ئەوە پێویستییەکی مێژوویی بوو، بەڵام دژی ئەوە دەوەستنەوە هیچ کەس و ئیدارەیەک بەسەر خەڵکی شنگالدا بسەپێنرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

داود جوندی سلێمان، بەرپرسی مەڵبەندی 15ی ڕێکخستنی شنگالی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: " ئێمە پێشوازی لەڕێککەوتنەکە دەکەین و ئەوە پێویستییەکی مێژوویی بوو کە دەبوو بکرایە، چونکە بۆ یەکلاکردنەوەی هەندێک پرسی تایبەت بە ئاوەدانکردنەوە و ئەمنییەت و گەڕانەوەی ئاوارەکان گرنگە."

 

وتیشی: "لەگەڵ ئەوەشدا پێمانوایە نابێت حکومەتی ناوەند یاخود لایەنێکی سیاسی دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت لە شنگالدا و پێویستە خەڵکی شنگال خۆیان ئیدارەی بەڕێوەبەریی قەزاکە هەڵبژێرن، لەو پرسەدا ئێمە پشتگیری خەڵکی شنگال دەکەین، واتە ئێمە دژی ڕێککەوتنەکە نین، بەڵام دژی هەر خاڵێکین کە سەپاندنی دەسەڵات بێت بەسەر خەڵکی شنگالدا."

 

لەدەقی ڕێککەوتنەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، قائيمقامێكى نوێ بۆ شنگال دياريدەكرێت كە كەسێكى دەستپاك و پيشەيى و سەربەخۆ بێت و قبوڵكراو بێت و هەروەها لەلايەن ليژنەى پێكهێنراوى هاوبەش پۆستە ئيدارييەكانى تر دادەنرێت.

 

ئەو بەرپرسەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد: " ئەگەر حکومەتی عێراق بیەوێت ئیدارەیەک بەدەر لە ویستی خەڵکی شنگال بسەپێنێت، ئەوا ئەو ئیدارەیەش سەرکەوتوو نابێت و ئێمەش پشتگیری ناکەین لەوکاتەدا و لەدژی دەوەستینەوە."

 

هەر بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، سەرجەم پێكهاتە چەكداريەكانى تر دەكرێنە دەرەوە و 2500 ئەندام بۆ هێزى ئاسايشى ناوخۆيى دادەنرێن و ئاوارەكانى خێوەتگەكان كە خەڵكى شنگالن بەشداريان پێدەكڕێت، هەروەها كۆتايى بەبوونى پەكەكە لە شنگال و دەوروبەرى دەهێنرێت و بونيان نامێنێت لەناوچەكە.

 

بەرپرسی مەڵبەندی 15ی یەکێتی لە شنگاڵ باسی لەوەکرد، ئەو بڕیارە بۆ سەرجەم هێزەکانە و پێویستە تەنها پۆلیسی فیدڕاڵی لەناو شاردا بمێنێتەوە و سەرجەم هێزەکانی دیکە لەشارەکە بچنە دەرەوە.

 

سەبارەت بە هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی شنگال (یەپەشە) باسی لەوەکرد، ئەو هێزە خۆیان لەخەڵکی شنگالن و بۆ پاراستنی شنگال دروست بوون، تەنها لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە نزیکن لە پەکەکە و بودجە و موچەشیان حکومەتی عێراقەوە بۆ دابیندەکرێت و لەژێر ئیدارەی حەشدی شەعبیشدان.

 

دوێنێ هەینی 9ی تشرینی یەکەمی 2020، هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنێکیان بۆ ئاسایی کردنەوە دۆخی شنگال واژوو کرد و ڕێککەوتنەکەش بە مێژووی وەسفکرا.