گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شاخەوان عەبدوڵا: هێزێکی سیاسی سەرقاڵی فرۆشتنی دەنگی دوو شارۆچکەی کەرکوکە

2020.10.10 - 18:40
شاخەوان عەبدوڵا: هێزێکی سیاسی سەرقاڵی فرۆشتنی دەنگی دوو شارۆچکەی کەرکوکە

ناس کورد-

شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی خولی سێی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاند، هێزێکی سیاسیی کوردستان خەریکی فرۆشتنی دەنگی هەردوو شارۆچکەی داقوق و دووبزە لەسنوری پارێزگای کەرکوک و بە مەترسیشی بۆ سەر کورسییەکانی کورد دەزانێت.

 

شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی خولی سێی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی (شەممە 10ی تشرینی یەکەمی 2020) لە فەیسبوکی فەرمیی خۆی نوسیویەتی: " بەداخەوە هێزێکی سیاسی کوردستان لە ئێستادا خەریکی فرۆشتنی دەنگی هەردوو شاروچکەی داقوق و دووبزن لەسنوری پارێزگای کەرکوک و لەهەوڵی ئەوەدان ئەو دوو شاروچکەیە یان یەکێک لەو دوو شاروچکەیە بخرێتە  سەر بازنەی شاروچکەی حویجە بۆ هەلبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: " بەو پێیەش کورسی حویجە لەدوو کورسی بۆ سیان و چوار زیاد دەکات و دەنگی کوردیش لەو ناوچانە بەتەواوی دەفەوتێن."

 

شاخەوان عەبدوڵا کە هاوکات ئەندامی شاندی کوردە لە لیژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک ئەوەشی خستووەتەڕوو: " ئێمە لەکاتێکدا ئەو بابەتە رەتدەکەینەوە، دڵنیاین خەلکی ئەو دوو شاروچکە قارەمانە و خەڵکی کەرکوکیش رێگە نادەن بخرێنە سەر شاروچکەیەک کە لەماوەی ٤٠ ساڵی رابردوو لەسەردەمی بەعس و دوای روخانی رژێمیش دەستیان لەتیرۆر کردن و رفاندنی هاووڵاتیانی ئەو دوو شاروچکەو تەواوی خەڵکی کەرکوک هەیە."

 

جەختیشیکردووەتەوە: " لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەریش دیسان لەلایەن راکان سعیدی خەڵکی  حویجەوە دەیان بڕیاری دوژمنکارانە لەدژی خەلکی دووبزو داقوق دراون پێویستە ئەم هەوڵە شەرمەزار بکرێت و رێگەی پێنەدرێت ."

 

لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا (شەممە 10ی تشرینی یەکەمی 2020) دەنگ درا لەسەر دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردنەکان بەسەر 83 بازنەی هەڵبژارندا. 

 

لەوبارەیەوە سەعید کاکەیی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و شارەزا لە هەڵبژاردنەکان لە نوسینێکدا ڕایگەیاند: " دابەشکردنی بازنەکانی ھەڵبژاردنەکان بەسەر ٨٣ بازنەی ھەڵبژاردندا بۆ گەرەنتیکردنی سەرکەوتنی ٨٣  کورسی ژنانە لە کۆی ٣٢٠ کورسی پەرلەمانی ئێستای عێراق."  

  

ئاماژەی بەوەشكردووە: " بەوەش، بازنەکانی ھەڵبژاردنەکان لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستاندا بریتی دەبن لە ١٢ بازنەی ھەڵبژاردن، بەم شێوەیەی خوارەوە:  

  

١- پارێزگای سلێمانی؛ ١٨ کورسی، پێنج بازنە.  

٢- پارێزگای ھەولێر ؛ ١٥ کورسی، چوار بازنە.  

٣- پارێزگای دھۆك؛ ١١ کورسی، سێ بازنە.  

  

بەوتەی سەعید کاکەیی، ھەرچی پارێزگاکانی ناوچە جێناکۆکەکانە، ئەوا بریتی دەبن لە ٥٦ بازنەی ھەڵبژاردن و بەم شێوەیەی خوارەوە دابەشدەکرێن:  

١- پارێزگای نەینەوا ؛ ٣١ کورسی، ھەشت بازنە.  

٢- پارێزگای دیالی؛ ١٤ کورسی، چوار بازنە .  

٣- پارێزگای کەرکوك؛ ١٢ کورسی، سێ بازنە .  

٤- پارێزگای سەلاحەدین؛ ١٢ کورسی، سێ بازنە .  

  

سەعید کاکەیی باسی لەوەشکردووە: " بەو شێوەیە بێت، پێشبینی دەکەم بەوەی کورسییەکانی کورد لەم ناوچانەدا ٢ - ٣ کورسی زیاد بکات بەو مەرجەی حزبە  کوردستانیە گەورەکان رێگری نەکەن و گێچەڵ نەفرۆشن بە کاندیدە سەربەخۆکانی ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان."