ناس کورد-
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکى حکومەتى هەرێم و ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی پەیامێکی بەناوی "بۆ خەیاڵ خاوەکان" بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "هیچ درزێک لە نێوان من و لاهور شێخ جەنگیدا نییە."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
قوباد تاڵەبانى لە پەیامێکدا (10 تشرینی یەكەمی 2020) ئاماژەى بەوەکردووە "ماوهیهكه ههندێك پهیج و سۆشیال میدیای ئاڕاستهكراو به لێكدانهوهی چهوت بۆ وتهیهكی من كه بۆ یادی سێ ساڵهی كۆچی دوایی باوكم نووسیبووم، دهیانهوێت بهخهیاڵی خاوی خۆیان وا نیشان بدهن بهریهككهوتن ههیه لهنێوان من و شێخ لاهوری هاوسهرۆك و براو هاوڕێمدا".
ئاماژەى بەوەشکردووە "پێشتریش وتوومه و ئێستاش دووپاتی دهكهمهوه كه؛ ئێمه سێ براین و هیچ هێزێك نییه بتوانێت رۆژێك له رۆژان درز بخاته نێوان برایهتیمانهوه".
قوباد تاڵەبانى جەختیکردووەتەوە "به دڵنیاییهوه له داهاتووشدا به پشتگیری ههردوو برای هاوسهرۆكم ڕووبهڕووی ههموو ئهوانه دهبینهوه كه رێگرن لهبهردهم جێبهجێكردنی ئهرك و پلانهكانمان لهناو حكومهت و پلان و ستراتیژهكانمان لهناو یهكێتی".
پەیامەکەى قوباد تاڵەبانى هاوکاتە لەگەڵ شەڕى میدیایی نێوان بەشێک لەبەرپرسانى پارتى و یەکێتى، دواى ماوەیەک لە وەستانى شەڕى میدیایی نێوان هەردوو حزب و نزیکبوونەوەیان لەیەکتر.
بەگوێرەى بەدواداچوونی "ناس كورد" بۆ ناوەڕۆكی پەیام و لێدوانەكانی ئەمدواییەی هەردوولا (9 تشرینی یەكەمی 2020) ئەم شەڕە لێدوان و هەڕەشەی دۆسیە هەڵدانەوەیە بەدوای بڵاوكردنەوەی لێدوانێكی هاوسەرۆكی یەكێتی لاهوری شێخ جەنگیدا هات لەبارەی پێداگریی یەكێتی لەسەر لا مەركەزیەت و هەڕەشەی هەڵوێست وەرگرتن لە دیداری شاندێكی ئەمەریكیدا (7 تشرینی دووەمی 2020).
دواتر هەندێك لە بەرپرسانی پارتی لەوانەش ئەندامی سەركردایەتی بڵند ئیسماعیل هێرشیان كردە سەر هاوسەرۆكی یەكێتی (8 تشرینی یەكەمی 2020) و گروپێكی یەكێتیی نیشتمانی بە "موزایەدەچی" تۆمەتباركرد، لەبەرامبەر ئەمەشدا هەمان شەو بەشێك لەمیدیاو ماڵپەڕ و سەكۆ ئەلەكترۆنییەكانی یەكێتی دوو وتاری ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی جەزای سەید مەجید و شادمانی مەلا حەسەنیان بڵاوكردەوە كە هێرشی توند و هەڕەشەی دەستپێكردنی هەڵمەتی میدیایی تێدایە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان.
لەدوا پەرەسەندنی ئەم شەڕە میدیاییەشدا ماڵپەڕی "باس نیوز" ی سەر بە سەرۆكی حكومەت مەسرور بارزانیی چەند هەواڵ و تەوەرێکى ماڵپەرەکەى تەرخانكردووە بۆ هێرش كردنە سەر كەسانی نزیك لە هاوسەرۆكی یەكێتی لاهور شێخ جەنگی و بیرهێنانەوەی ڕووداوەكانی 16ى ئۆكتۆبەر و تۆمەتباركردنی بەشێكی یەكێتی بەخیانەت.
هەندێك لە چاودێران و راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان ئاماژە بەوە دەكەن بەشێك لەهۆكاری ئەم گرژییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەساڵیادی كۆچی مام جەلالدا (3 تشرینی یەكەمی 2020) سەرۆكی پارتی و سەرۆكی حكومەت بەشێوەیەكی خێزانی مامەڵەیان لەگەڵ ئەم بۆنەیەی یەكێتیدا كردووە و بروسكەیان بۆ كوڕانی تاڵەبانی (بافڵ و قوباد) ناردووە و ئۆرگانەكانی یەكێتی- یان فەرامۆش كردووە، ئەمەش دیسانەوە كێشەی بایكۆتكردنی پارتی بۆ یەكێك لەهاوسەرۆكانی یەكێتی وروژاندووەتەوە.