گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

قادرى حاجى عەلی.. دواین زانیاری لە ژووری چاودێری چڕەوە

2020.10.10 - 12:08
App store icon Play store icon Play store icon
قادرى حاجى عەلی.. دواین زانیاری لە ژووری چاودێری چڕەوە

ناس کورد-

چەند سەرچاوەیەکى ئاگادار ڕایانگەیاند، سەربارى تێپەڕاندنى قۆناغى مەترسى و باشبوونى دۆخى تەندروستى قادرى حاجى عەلى کە تووشى پەتاى کۆرۆنا بووە، بەڵام هێشتا لە نەخۆشخانە ھێڵراوەتەوە و ڕەوانەى ماڵەوە نەکراوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سەرچاوەکان کە نزیکن لە قادرى حاجى عەلی یەکێک لە دامەزرێنەرانى پێشووى بزوتنەوەى گۆڕان بە "ناس کورد" یان ڕاگەیاند، دواى ئەوەى لەماوەى دوو ڕۆژى ڕابردوودا لە نەخۆشخانەى فاروق لە سلێمانى پلازماى پێویست کرایە جەستەى قادرى حاجى عەلییەوە، لە ئێستادا تەندروستى بەرەو باشتر دەڕوات.

 

ئاماژەیان بۆ ئەوەشکرد، قادرى حاجى عەلى 12 ڕۆژە دووچارى ڤایرۆسى کۆرۆنا بووە بەڵام بەهۆى دروستبوونى تەنگەنەفەسى لەئەنجامى هەوکردنى ڕێژەیەک لە سییەکانى، چوار ڕۆژە لە نەخۆشخانەى فاروق داخڵکراوە و لەژێر چاودێرى پزیشکیدایە.

 

بەوتەى سەرچاوە ئاگادارەکان، پزیشکیکى پسپۆڕى سییەکان و هەناوى چاودێرییەکى وردى دۆخى تەندروستى قادرى حاجى عەلى دەکات و ژوورێکى تایبەتى بۆ تەرخانکراوە لە نەخۆشخانەکە و تەنها هاوسەرەکەى لەگەڵیدا دەمێنیتەوە، ڕێگە نادرێت کەسوکار و هاوڕێیان و هەودارانى سەردانى بکەن، هۆکارى مانەوەى خێزانەکەشى لەگەڵیدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پێشتر دووچارى ڤایرۆسەکە بووە و چاکبووەتەوە.

 

لەبارەى هۆکارى دووچاربوونى قادرى حاجى عەلى بەپەتاکە، سەرچاوەکانى ناس کورد دەڵێن، دوو هۆکار بۆ ئەوە هەیە، یەکەمیان لەماوەکانى ڕابردودا چەند ئەرکێکى کۆمەڵایەتى بەجێهێناوە و دووەمیشیان بەردەوام پێشوازى لەمیوانەکانى کردووە.

 

یەکێک لەسەرچاوەکانى ناس کورد جەختى لەسەر ئەوە کردەوە، هەرچەندە لەژێر چاودێرى ورداییە بەڵام  قۆناغى مەترسى تێپەڕاندووە و سودى لە پلازمەکە وەرگرتووە.

 

لەبارەى بڕیارى جێهێشتنى نەخۆشخانەوە، سەرچاوەکانى ناس کورد ئەوەیان خستەڕوو، هێشتا پزیشکەکان هیچ قسەیەکیان لەبارەى کاتى دەرکردنى لە نەخۆشخانەوە نەکردووە بەڵام ئەوەیان وتووە کە تەندروستى بەرەو باشتر دەڕوات و هێشتا لەژێر چاودێریدایە.

 

بەپێى بەدواداچوونەکانى ناس کورد، پێشتر قادرى حاجى عەلى هیچ نەخۆشیەکى درێژخایەنى لەشێوەى شەکرە و بەرزبوونەوەى فشارى خوێن و نەخۆشی سییەکان و دڵ و گورچیلەکانى لەگەڵدا نەبووە.

 

قادرى حاجى عەلى لە شەستەکانى تەمەنیدایە و دەنگۆى نەخۆش کەوتنیشى کاردانەوەى زۆرى لێکەوتەوە.