ناس کورد-
بەگوێرەی پێشبینیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەمساڵدا ئاستى هەژارى لەعێراق بۆ 31% بەرز دەبێتەوە و ژمارەیەکى زۆرى دانیشتووان دەکەونە ژێر هێڵى هەژارییەوە، ڕێکخراوەکە دوو پێشنیاریش بۆ چارەسەرى قەیرانى ئابوورى دەخاتە بەردەم حکومەتی عێراق.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بارا بارا کریگزمان، ڕێکخەرى کاروبارى گەشەپێدان لە نەتەوە یەکگرتووەکان (هەینی 9ی تشرینی یەکەمی 2020) بە ڕادیۆ سەواى ڕاگەیاندووە، بەپێى توێژینەوەیەکى نوێ کە لەگەڵ ڕێکخراوى یۆنسێف و بانکى نێودەوڵەتیدا ئەنجامیانداوە دەرکەوتووە، ئاستى هەژارى لەساڵەکانى 2017 بۆ 2018 کەمتر بووە لەڕیژەى 20%، بەڵام پێشبینى ئەوە دەکرێت بۆ ساڵى 2020 ڕێژەکە بەرزبێتەوە بۆ 31% و ئەوەش کاریگەرى گەورەى دەبێت بۆ سەر دانیشتوان.
ئەو بەرپرسەى نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، گەورەترین کاریگەرى ئابوورى کە دووچاری عێراق بووە، قەیرانى دابەزینى نرخى نەوتە کە بەهۆى پەتاى کۆرۆناوە ڕوویداوە و ئەوەش واى لێکردووە لەگەشەپێدانى ئابوورى ڕایبگرێت.
بارا بارا دەشڵێت، حکومەت پارەى پێویستى لەبەردەستتدا نیە خەرجى بکات بۆ پێداویستییە سەرەکیەکان و گەشەى دانیشتوانیش بەشێوەیەکى گشتى زیاد دەکات، ئەوەش وا دەکات پێشبینەکان ئاماژە بۆ ئەوە بکەن ژمارەیەکى زۆر لەخەڵکى بکەونە ژێر هێڵى هەژارییەوە.
بەرپرسەکەى نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەشى ڕونکردووەتەوە، ڕاپۆرتەکە دوو ڕاسپاردەى سەرەکیشى ئاڕاستەى حکومەتى عێراق کردووە بۆ چارەسەرى دۆخەکە، کە ئەمانەن:
یەکەم: دەبێت حکومەت بەسیاسەت و دامەزراوەکانیدا بچێتەوە، بۆ ئەوەى بتوانێت پلانێک بۆ کورتهێنانى ئابوورییەکەى دابنێت.
دووەم: حکومەت هەستێت بەجێبەجێکردنى چەند بڕیارێک کە یارمەتى چینە لاوازەکانى وڵات دەدات.