ناس کورد-
هەر یەکە لە باڵیۆزخانەى ئەمریکا لەبەغدا و نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆنامى) پێشوازییان لەڕێکەوتنەکەى نێوان حکومەتى فیدراڵ و حکومەتى هەرێم لەسەر بارودۆخى قەزای شنگال کرد.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەڕاگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی دەست ناس کورد کەوتووە، بالیۆزخانەى ئەمریکا لەعێراق (9ى تشرینى یەکەم 2020) ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا پیرۆزبایى لەحکومەتى فیدراڵ و هەرێمی کوردستان دەکات، بەبۆنەى گەیشتنیان بەڕێککەوتنى هاریکارى هاوبەش لە شنگاڵ.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەوان چاوەڕوانى جێبەجێکردنى تەواوى ڕێککەوتنەکە دەکەن و هیواداریشن ئەو ڕێککەوتنە ببێتە مایەى ئۆقرەیى بەردەوام بۆ گەلى عێراق لەباکوورى عێراق.
لاى خۆشیەوە نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامیى) پێشوازى لەرێککەوتنىەکە کرد و بەهەنگاوێکى سەرەتا و پڕبایەخى زانیووە بەئاڕاستەیەکى دروست.
نەتەوە یەکگرتووەکان هیواى ئەوەشى خواستووە ئەو ڕێککەوتنە دەرفەت بەرەو ئایندەیەکى باشتر بۆ عێراق بڕەخسێنێت.
پێشتریش وتەبێژی حكومەتی عێراق ڕایگەیاند، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران سەروكاری رێككەوتنێكی مێژوویی كردووە لە شەنگال كە دەسەڵاتی فیدراڵی بەهێز دەكات و ڕێگا دەكاتەوە بۆ ئاوەدانكردنەوە و گەڕانەوەی ئاوارەكان.
لە دوو تویتدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، كە "ناس كورد" دیویەتی، وتەبێژی فەرمیی حكومەتی عێراق، ئەحمەد مەلا تەڵاڵ (هەینی 9 تشرینی یەکەمی 2020)، جەختیكردەوە، ئەو رێككەوتنەی لە شەنگال كراوە بە سەرپەرشتی مستەفا كازمی، دەسەڵاتی فیدراڵی بەهێز دەكات و كۆتایی بەدەسەڵاتی گروپە نامۆكان دەهێنێت و ڕێگا دەكاتەوە بۆ ئاوەدانكردنەوە و گەڕانەوەی ئاوارەكان بەهاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان.
تەلاڵ ئەوەشی وتووە: "ئەوەی خەڵكیتر شكستی تێدا هێنا، حكومەت لە رێگای چاندنی متمانەو نیەت پاكییەوە سەركەوتوو بوو تێیدا بەرەو گەڕانەوەی ئاسایش و ئۆقرەیی و ئاوارەكان بۆ شەنگال".
هاوکات، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەڕاگەیەندراوێکدا (هەینی 9ی تشرینی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند: "رێکەوتنی ئەمڕۆی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شەنگال، ئەنجامی کارکردنی جیددی و دانوستانی چەندین مانگی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵە، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەڕانەوەی سەربەرزانەی ئاوارەکانی شەنگال کە رووبەڕووی ئازار و مەینەتییەکی زۆر بوونەتهوە لە سەر دەستی تیرۆریستانی داعش."
ئاماژەی بەوەشكردووە: " بێگومان ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال، رۆڵێکی گرنگی دەبێت لەوەی خەڵکی ناوچەکە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، هەردوولا رێکەوتووین لە سەر ئەوەی، شەنگال لە رووی ئیداری و ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە، بە شێوەیەکی هاوبەش بەڕێوە ببرێت، ئەم رێکەوتنەش سەرەتایەکە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور.".