گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مەسرور بارزانی و مستەفا کازمی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا

2020.10.09 - 21:30
App store icon Play store icon Play store icon
مەسرور بارزانی و مستەفا کازمی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا

ناس کورد-

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لە بارەی ئەو رێکەوتنی حکومەتی هەرێم و ناوەند بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لەگەڵ مستەفا کازمی گفتوگۆی کردووە و ئەو ڕێککەوتنەش سەرەتایەکە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەڕاگەیەندراوێکدا (هەینی 9ی تشرینی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند: "رێکەوتنی ئەمڕۆی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شەنگال، ئەنجامی کارکردنی جیددی و دانوستانی چەندین مانگی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵە، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەڕانەوەی سەربەرزانەی ئاوارەکانی شەنگال کە رووبەڕووی ئازار و مەینەتییەکی زۆر بوونەته‌وە لە سەر دەستی تیرۆریستانی داعش."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: " بێگومان ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال، رۆڵێکی گرنگی دەبێت لەوەی خەڵکی ناوچەکە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، هەردوولا رێکەوتووین لە سەر ئەوەی، شەنگال لە رووی ئیداری و ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە، بە شێوەیەکی هاوبەش بەڕێوە ببرێت، ئەم رێکەوتنەش سەرەتایەکە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور.".

 

سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو: "دوای ئیمزاکردنی رێکەوتنەکە، لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراق بەڕێز مستەفا کازیمی، گفتوگۆمان دەربارەی رێکەوتنەکە کرد و سوپاسی تیمی هەردوولا دەکەین، بۆ بەئەنجام گەیاندنی ئەم رێکەوتنە گرنگە، ئەمە بەڵگەیە بۆ ئەوەی، ئەگەر هەماهەنگیی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی هەبێت، دەتوانین زۆر دەسکەوتی دیکەش بە دەست بهێنین لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش."

 

مەسرور بارزانی باسی لەوەشكردووە: " ئێمە پشتگیریی لە هەر هەوڵ و دەستپێشخەرییەکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین لە پێناو بنیاتنانەوەی ئەو وێرانکارییەی، تیرۆریستانی داعش لە شەنگال ئەنجامیاندا. لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی خاتوو جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بکەم، بۆ پشتیگریی و بەشداریکردنی راستەوخۆی لە بە ئەنجام گەیشتنی ئەم رێکەوتنەدا."

 

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 9ی تشرینی یەکەمی 2020، نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، سەرۆک وەزیران کۆبونەوەیەکى لەگەڵ ژمارەیەک لەبەرپرسانى حکومەتى فیدراڵ و هەرێم و بەئامادەبوونى نوێنەرى نەتەوە یەکگرتووەکان لەعێراق گرێداوە و لەسەر دۆخى شنگاڵ هەردوولا گەیشتوونەتە ڕێکەوتنێک کە ئەم خاڵانەى لاى  خوارەوە ناوەڕۆکەیەتى:  

  

یەکەم :گەڕانەوەى ئاسایش و ئارامی بۆ شارۆچکەى شنگال.   

  

دووەم: رێککەوتنى ئیدارى لەگەڵ حکومەتى هەرێم و پارێزگاى نەینەوادا کرا بەڕەچاوکرتنى داواکارییەکانى خەڵکى شارۆچکەکە.  

  

سێیەم: لەبوارى ئاسایشى ناوچەکەدا هێزى ئەمنیى فیدراڵ بەهەماهەنگى لەگەڵ هەرێمدا ئەرکەکە دەگرنە ئەستۆ.  

  

چوارەم: دابینکردنى خزمەتگوزارى بۆ ناوچەکە دەکەوێتە ئەستۆى لیژنەیەکى هاوبەشى نێوان حکومەتى فیدراڵ و حکومەتى هەرێم.