گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەیامێک لەناو مەکتەبی سیاسیی یەکێتیەوە بۆ پارتی.. ’’هەرگیز پاشگەز نابینەوە’’

2020.10.09 - 19:11
App store icon Play store icon Play store icon
پەیامێک لەناو مەکتەبی سیاسیی یەکێتیەوە بۆ پارتی.. ’’هەرگیز پاشگەز نابینەوە’’

ناس کورد-

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی گرژییە میدیاییەکانی حزبەکەی و پارتی و پڕۆژەی لامەرکەزی پەیامێکی ئاڕاستەی پارتی کرد و ڕایگەیاند، بەو کارانەی خۆی بچوک دەکاتەوە و تادێت حکومەت بێ ئەرزش دەکات، دەشڵێت، سەرکردایەتیی یەکێتی هەرگیز لەو پرۆژەیە پاشەکشە ناکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لەڕاگەیەندراوێکدا، د. میران محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (هەینی 9ی تشرینی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند: "پرۆژەی لامەرکەزی کارگێری و دارایی هەنگاوێکی گرنگە بۆ رزگارکردنی خەڵکی کوردستان لە بێتوانایی حکومەت، لەپێشکەشکردنی سادەترین خزمەتگوزاریەکان."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: "ئەو پڕۆژەیە بۆ دژایەتی کەس نیە و یەکێکە لە هەنگاوەکان بۆ چاک کردنی گوزەرانی خەڵک، لەبەرئەوە بە پەلاماردانی هاوسەرۆک و تۆمەت و دروشمی بێ بنەما هەرگیز سەرکردایەتیی یەکێتی لەو پرۆژەیە پاشەکشە ناکات. "

 

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی باسی لەوەشکردووە: "گەر  پارتی بەنیازبێت بە ناشرینکردنی یەکێتیەکانەوە خەڵک سەرقاڵ بکات تا درێژە بەم دۆخە نەخوازراوەی ئێستا بدات و پڕۆژەکە و کێشەی سەرەکی لەبیر خەڵک بەرێتەوە، ئەوا هێندەی تر بەم کارانەی خۆی بچوک دەکاتەوە و تادێت حکومەت بێ ئەرزش دەکات کە رەنگە سەرئەنجام هەر بە فعلی بچوککردنەوەی کابینەی حکومەت پێویست بێت."

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەی دوو ڕۆژە لە بەشێك لەمیدیاكانی پارتی و یەكێتی و ژمارەیەك بەرپرسی هەردوولا سەرقاڵی گۆڕینەوەی هەڕەشە و تۆمەت و لێدوانی توندن دژی یەکتر.

 

بەگوێرەى بەدواداچوونی "ناس كورد" بۆ ناوەڕۆكی پەیام و لێدوانەكانی ئەمدواییەی هەردوولا (9 تشرینی یەكەمی 2020) ئەم شەڕە لێدوان و هەڕەشەی دۆسیە هەڵدانەوەیە بەدوای بڵاوكردنەوەی لێدوانێكی هاوسەرۆكی یەكێتی لاهوری شێخ جەنگیدا هات لەبارەی پێداگریی یەكێتی لەسەر لا مەركەزیەت و هەڕەشەی هەڵوێست وەرگرتن لە دیداری شاندێكی ئەمەریكیدا (7 تشرینی دووەمی 2020)، بەدوایدا هەندێك لە بەرپرسانی پارتی لەوانەش ئەندامی سەركردایەتی بڵند ئیسماعیل هێرشیان كردە سەر هاوسەرۆكی یەكێتی (8 تشرینی یەكەمی 2020) و گروپێكی یەكێتیی نیشتمانی بە موزایەدەچی تۆمەتباركرد، لەبەرامبەر ئەمەشدا هەمان شەو بەشێك لەمیدیاو ماڵپەڕ و سەكۆ ئەلەكترۆنییەكانی یەكێتی دوو وتاری ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی جەزای سەید مەجید و شادمانی مەلا حەسەنیان بڵاوكردەوە كە هێرشی توند و هەڕەشەی دەستپێكردنی هەڵمەتی میدیایی تێدایە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان. 

 

لەدوا پەرەسەندنی ئەم شەڕە میدیاییەشدا ماڵپەڕی "باس نیوز" ی سەر بە سەرۆكی حكومەت مەسرور بارزانیی چەند هەواڵ و تەوەرێکى ماڵپەرەکەى تەرخانكردووە بۆ هێرش كردنە سەر كەسانی نزیك لە هاوسەرۆكی یەكێتی لاهور شێخ جەنگی و بیرهێنانەوەی ڕووداوەكانی 16ى ئۆكتۆبەر و تۆمەتباركردنی بەشێكی یەكێتی بەخیانەت. 

 

هەندێك لە چاودێران و راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان ئاماژە بەوە دەكەن بەشێك لەهۆكاری ئەم گرژییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەساڵیادی كۆچی مام جەلالدا (3 تشرینی یەكەمی 2020) سەرۆكی پارتی و سەرۆكی حكومەت بەشێوەیەكی خێزانی مامەڵەیان لەگەڵ ئەم بۆنەیەی یەكێتیدا كردووە و  بروسكەیان بۆ كوڕانی تاڵەبانی (بافڵ و قوباد) ناردووە و ئۆرگانەكانی یەكێتی- یان فەرامۆش كردووە، ئەمەش دیسانەوە كێشەی بایكۆتكردنی پارتی بۆ یەكێك لەهاوسەرۆكانی یەكێتی وروژاندووەتەوە.