گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’مەلا مەزهەر خوڕاسانی’ لەسەر گیانلەدەستدانی مهاباد قەرەداغی هاتەدەنگ

2020.10.09 - 16:32
’مەلا مەزهەر خوڕاسانی’ لەسەر گیانلەدەستدانی مهاباد قەرەداغی هاتەدەنگ

ناس کورد-

گیانلەدەستدانی مهاباد قەرەداغیی خانمە نوسەری کورد کاردانەوەی جیاوازی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە و مەلا مەزهەر خوراسانیش لەوبارەیەوە هاتەدەنگ و دەڵێت، گەردنی ئازاد بێت و خودا خۆی باشترین شاهیدە لەنێوان "حەق و باتڵ"دا.

 

پاش توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمڕۆ هەینی (9ی تشرینی یەکەمی 2020) مهاباد قەرەداغی، خانمە نوسەر و شاعیری کورد کۆچی دوایی کرد، وەک زۆر پرسی دیکە ئەو بابەتەش بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لە هەرێم کرد بە دوو بەشەوە.

 

لەوبارەیەوە، مەلا مەزهەر خوڕاسانی، مامۆستای ئایینی لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووک نوسیویەتی: " لە دوونیا زۆر دژی ئیسلام و ئاینەکەم تەجاوزتان کرد، دەربارەی خۆم گەردنتان ئازابێت، بەڵام هەرگیز لەبەرامبەر ئیسلامەکەم لێتان نابورم خوداش خۆی باشترین دادوەرە لە نیوان حەق وباتڵ دا."

 

هەر لەوبارەیەوە، چۆمان هەردی، خانمە نوسەری کورد لە فەیسبوکی خۆی پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و نوسیویەتی:"من و تۆ (مهاباد قەرەداغی) ڕەنگە لە زۆر شتدا هاوڕا نەبووبین، بگرە ناکۆکیش بووین، زۆر دەمێکیش بوو دووبەدوو قسەمان نەکردبوو، بەڵام من هەمیشە ڕێزم هەبوو بۆ مێژووی تۆ، بۆ ئازایەتیت، بۆ ئەو ساڵانەی لە سویدەوە شەڕت دەکرد لەسەر ئەو ژنانەی لە نیشتیمان دەکرانە قوربانی، بۆیە دڵگرانم بەم کۆچەت، زۆر زوو بوو مەهاباد خان، هێشتا شاکار گیان پێویستی بە تۆ بوو، بەداخەوە خانمی ئازیز، بەداخەوە کە سیاسەت وایکرد کەسانێک بە مەرگی تۆ دڵخۆش بن، چەندە دڵمان دەشکێت لەم دەڤەرە، لەم سەردەمە، ڕۆحت ئارام و خوات لەگەڵ خانم گیان."

 

بەشێک لە هاووڵاتیان، لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دڵخۆشی خۆیان بە گیانلەدەستدانی، مهاباد قەرەداغی دەردەبڕن و پێیانوایە، ناوبراو "دژی ئایینی ئیسلام کاری کردووە و ئایینی ئیسلامی ڕەتکردووەتەوە."

 

هەندێکی دیکەش، بە کۆچی دوایی کردنی ئەو خانمە نوسەرە خەمبارن و پێیانوایە "هەموو کەس ئازادە لە بیروباوەڕی تایبەت بە خۆی" و مهاباد قەرەداغی بە نوسەر و ساعیرێکی ئازادیخواز ناودەبەن.

 

مەهاباد قەرەداغی لە ساڵی 1966 لە شارۆچکەی کفری لەسنوری گەرمیان لەدایکبووە، لە ساڵی 1978 لە تەمەنی 12 ساڵییەوە دەستی بە نووسینی شیعر کردووە، ساڵی 1980 دا یەکەمین بەرهەمی شیعری بڵاوکراوەتەوە.