گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزارەتى پێشمەرگە بەرنامەى سەردانى شاندى وەزارەتەکە بۆ بەغدا ئاشکرا دەکات 

2020.10.09 - 14:28
وەزارەتى پێشمەرگە بەرنامەى سەردانى شاندى وەزارەتەکە بۆ بەغدا ئاشکرا دەکات 

ناس کورد-

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، لە ئایندەیەکی نزیکدا لیژنەی باڵای هەماهەنگی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدا دەکات. 

 

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە (9ی تشرینی یەکەمی 2020) لەمیانەی لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق کە ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند " لەچوارچێوەی کۆبوونەوە خولییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە بچێتە بەغدا".

 

بەوتەی یاوەر "شاندەکە لە کۆبوونەوەکەدا ئەو بابەتانە تاوتوێ دەکات کە پێشترهەردوولا ڕێککەوتنیان لەسەر کردووە کە پێکهاتوون لە سێ ڕەهەندی سەرەکی". 

 

ئەمیندارى گشتى وزارەتى پێشمەرگە سێ ڕەهەندە سەرەکییەکەى گفتوگۆکانیان لە بەغدا دیارى کرد ئەوانیش: یەکەمیان، میکانزمی کردنەوەی ژوری ئۆپڕاسیونە هاوبەشەکانی نێوان هەردولا لە ناوچە کێشە لەسەرەکان لە پارێزگای کەرکوک، دیالە، مەخمور و موسڵ، هاوکات ئەو ژورانەشی کە بڕیاردراوە پێکبهێنرێت لە هەولیر و بەغدا.

 

بەگوێرەی یاوڕ"ڕەهەندی دووەم تاوتوێی دروستکردنی هێڵێکی بەرگری هاوبەش دەکات لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لەو ناوچانە لەبری ئەو هێڵەی کەئێستا هەیەو هەرلایەنێک بەجیا دروستی کردووە بەڕێوەی دەبات".

 

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە باسی ڕەهەندی سێهەمیشی کردووە وتویەتی،"  ئەو شاندەی کەبڕیارە سەردانی بەغدا بکات تاوتوێی میکانزمی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکات دژ بەچەکدارانی داعش لەو ناوچانە".

 

لێدوانەکەی جەباریاوەر لە کاتێکدایە کەپێشتر قارەمان کەمال، جێگری سوپاسالاری ھێزەکانی پێشمەرگە بەناس کوردی ڕاگەیاندبوو، "پێش ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، ھێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچە جێناکۆکەکان ھەبوون، ژووری ئۆپەراسیۆنی ھابەشمان ھەبوو، ئێستا ئەوانە ھیچی نەماوە و دەمانەوێت دروستیان بکەینەوە و کار لەسەر ئەوە دەکەین کە ئەو ڕووبەرە فراوانەی لەنێوانماندا ھەیە چۆن بتوانین ڕووبەرەکەی کەم بکەینەوە و بۆ ئەم مەبەستەش ڕووپێویی کراوە، بەڵام گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە ماوە".