گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

موفتی گشتیی سعودیە لەبارەی دەمامكەوە فەتوایەكی دا

2020.10.09 - 10:00
موفتی گشتیی سعودیە لەبارەی دەمامكەوە فەتوایەكی دا

ناس کورد-

موفتی گشتی عەرەبستانی سعودیە و سەرۆكی دەستەی گەورە زانایانی ئەو وڵاتە فەتوایدا پۆشینی دەمامك لەكاتی عومرە بە ئیحرامەوە هیچ زیانی بۆ بەجێهێنانی ڕێوڕەسمەكان نییە.

 

عەبدوڵڵا عەبدولعەزیز ئال شەیخ لە تویتێكدا كە سەرۆكایەتی گشتی فەتوای سعودی بڵاویكردۆتەوە و "ناس كورد" دیویەتی، (9ى تشرینی یەكەمی 2020) جەخت دەكاتەوە "دەمامك هەموو دەموچاو داناپۆشێت بەڵكە بەشێكی، ئەگەر عەمرەكار پێویستی بوو بیپۆشێت ئەوە فدیەی لەسەر نییە و رێوڕەسمەكانی دروستن".

 

لە (4ى تشرینى یەکەمى 2020)ەوە بەشێوەیەکى قۆناغبەندى سعودیە ڕێگە بە ئەنجامدانى گەشتى عەمرە دەدات، دواى چەند مانگێک لە ڕاگرتنى بەهۆى بڵاوبونەوەى کۆرۆناوە.

 

بەگوێرەى ڕوونكردنەوەكانی وەزارەتی حەجی سعودیە ئەم رێگە پێدانە بە چوار قۆناغ دەبێت كە بەم شێوەیەی خوارەوەن:

 

قۆناغى یەکەم ڕێگەپێدانە بە عەمرەکردن بۆ هاووڵاتیان و دانیشتوانى ناو مەککە، بە ڕێژەى 30% (شەش هەزار عەمرەکار لە رۆژێکدا).

 

 قۆناغى دووەم ڕێگەپێدانە بە گەشتى عەمرە و سەردانکردن و نوێژکردنى هاوڵاتییان و دانیشتوانى ناو سعودیە لە شوێنە پیرۆزەکان، لە ڕۆژى یەکشەممە 18ى تشرینی یەكەمەوە، بە ڕێژەى 75% (15 هەزار عەمرەکارى رۆژانە، 40 هەزار نوێژخوێن).

 

قۆناغى سێیەم رێگەپێدانە بە گەشتى عەمرە و سەردانکردن و نوێژکردنى هاوڵاتییان و دانیشتوانى ناو سعودیە و دەرەوەى ئەو وڵاتە لە شوێنە پیرۆزەکان، لە یەکى تشرینى دووەمەوە، تا ڕاگەیاندنى کۆتایی هاتنى کۆرۆنا و رەواندنەوەى مەترسی، بە رێژەى  100% (20 هەزار عەمرەکار لە رۆژێکدا، 60 هەزار نوێژخوێن).

 

رێکخستنى چوونى عەمرەکاران و نوێژخوێنان لە رێگەى ئەپى "اعتمرنا"ەوە دەبێت کە وەزارەتى حەج و عەمرە ڕایگەیاندووە، بە ئامانجى جێبەجێکردنى پێوەر و رێنماییە تەندروستییە پشتپێبەستراوەکان.