گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

بەشێک لە گەنجانی کوردستان چۆن بوون بە هاوڕەگەزخواز؟

چیرۆکی چەند کەسێکی هاوڕەگەزخواز لە هەرێم

2019.05.02 - 20:58
App store icon Play store icon Play store icon
چیرۆکی چەند کەسێکی هاوڕەگەزخواز لە هەرێم

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- شەهرام عەزیز (ل) کچێکی تەمەن 31 ساڵانە و هاوسەرگیری نەکردووە، دەڵێت سەرەڕای ئەوەی بە جەستە و شێوە کچە، بەڵام هەر لە منداڵیەوە وەک کوڕ هەڵسوکەوتی کردووە و جلی کوڕانەی پۆشیوە، بۆیە ڕێگە نادات هیچ کوڕێک نزیکی ببێتەوە، بەو هۆیەشەوە تەنها پەیوەندی لەگەڵ ڕەگەزەکەی خۆیدا هەیە. ئەمە چیرۆکی یەکێک لە هاوڕەگەزخوازەکانی هەرێمی کوردستانە، کە بە پەنهانی درێژە بە پەیوەندییەکانیان دەدەن بەهۆی بوونی فشاری زۆری کۆمەڵایەتییەوە لەسەریان. . هاوڕەگەزخوازی یاخود "هاوڕەگەزبازی" بریتییە لە بوونی پەیوەندیی سێکسیی نێوان دوو کەس لە هەمان ڕەگەز، لە هەرێمی کوردستانیش حاڵەتی هاوڕەگەزبازی هەیە بەڵام تا ئێستا ئەو پرسە شاراوەیە و لەڕووی یاسایی و کۆمەڵایەتییەوە بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە. . لە جیهاندا 27 وڵات بە شێوەیەکی یاسایی و بە فەرمی ڕێگەیان بە هاوسەرگیریی هاوڕەگەزخوازەکان داوە، کە زۆرینەیان وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکای باشوورن. بەڵام تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان هیچ یاسایەك نییە كە باس لەهاوڕەگەزخوازان بكات. . ئەو کوڕ و کچانەی لە هەرێمی کوردستان هاوڕەگەزبازن بە شێوەی جیاواز باس لە چیرۆکەکانیان دەکەن و سەرەڕای ئەوەی ئەم حاڵەتە لە ئاینی ئیسلامدا ڕێگە پێنەدراوە، بەڵام هەندێکیان بە مافێکی ڕەوای خۆیانی دەزانن و هەندێکیشیان لەگەڵ ئەوەی هاوڕەگەزبازن، پەشیمانن و دەیانەوێت دووربکەونەوە لێی، بەڵام بە وتەی خۆیان ئالودەبوون و ناتوان دووربکەونەوە لێی. . "مافی ڕەوای خۆمە هاوڕەگەزخوازبم" هاوڕەگەزخوازێکی نێر بە ناوی (ک.ر) کە دانیشتووی شاری سلێمانییە و تەمەنی 29 ساڵە و پێیوایە ئەوە مافێکی ڕەوای خۆیەتی و ئەگەر لە ئەوروپا بوایە هاوسەرگیریی لەگەڵ کوڕێکدا دەکرد، ئەو چیرۆکی خۆی بۆ ناس کورد گێڕایەوە و وتی: "لە تەمەنی 17 ساڵی هاوڕێیەکی خۆم هانیدام سێکسی لەگەڵ ئەنجام بدەم، پاش ماوەیەک منیش قبوڵم کرد و تا ماوەی نزیکەی دوو ساڵ بەردەوام بووین و دواتر لەگەڵ کەسانی دیکەشدا کە لە ڕەگەزی خۆم بوون سێکسم دەکرد و تا ئێستاش بەردەوامم". . ئەو هاوڕەگەزخوازە دەڵێت، حەزی سێکسیی بۆ کوڕان زیاترە وەک لە کچان و بەردەوام دەیەوێت لەگەڵ کوڕاندا هەڵسوکەوت بکات. . بە وتەی خۆی هەر بەوهۆیەشەوە تا ئێستا هاوسەرگیری ئەنجام نەداوە، بە مافی خۆشی دەزانێت بە ئازادی ئەو کارە ئەنجام بدات و دەڵێت: "ئەگەر لە وڵاتێکی ئەوروپی بومایە هاسەرگیریم لەگەڵ کوڕێکی وەک خۆمدا دەکرد". . بەشێک لە هاوڕەگەزخوازەکان لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیوەندی بەیەکەوە دەکەن و دواتر یەکتردەبینن. (د، غ)ی تەمەن 24 ساڵ کە نزیکەی چوار ساڵە سێکسی هاوڕەگەزی ئەنجامدەدات بۆ ناس کورد دوا و باسی لەوە کرد کە "لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ماڵپەڕە سێکسییەکانەوە" حەزی بۆ سێکسی هاوڕەگەزی دروستبووە، دواتر لەڕێگەی هەژمارێکی ساختەوە لەگەڵ کوڕانی هاوشێوەی خۆیدا قسەی کردووە و پەیوەندیی دروستکردووە. . (د، غ) کارەکەی خۆی بە هەڵە دەزانێ و باس لەوە دەکات کە دەیەوێت واز لەو کارە بهێنێت، بەڵام ئالودە بووە و بەو شێوەیە نەبێت ناتوانێت حەزە سێکسییەکانی تێربکات، هەربۆیە ناتوانێت وازی لێبهێنێت. . ئەو کەسانە بە مەرجێک چیرۆکەکانی خۆیان بۆ ناس کورد گێڕایەوە کە ناویان پارێزراو بێت و هۆکارەکەشیان بۆ لایەنە کۆمەڵایەتییەکە گێڕایەوە، لە بارەی شوێنی ئەنجامدانی ئەو کارانەش وتیان شوێنێکی دیاریکراویان نییە بۆ ئەو مەبەستە. . کچان چۆن پەیوەندی هاوڕەگەزخوازیی دروستدەکەن؟ هاوڕەگەزبازی تەنها بەرۆکی کوڕانی نەگرتووە، بەڵکو لە بەدواداچوونەکانی ناس کورد-دا دەرکەوتووە هەندێک لە کچانیش لە هەرێمی کوردستان خواستیان لەسەر ئەو بابەتە هەیە. . یەکێک لەو کچانەی کە پێشتر هاوڕەگەزباز بووە کە ناوی (ز، ئ) و تەمەنی 25 ساڵە، بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند، خوێندکاری زانکۆ بووە، لە شاری هەولێر و لە بەشی ناوخۆیی ماوەتەوە، بەهۆی هەڵسوکەوتی زۆر و باسکردنی سێکس لە گەڵ کچە هاوڕێکانی، شەرمیان لە یەک نەکردووە و "چەندین جار پێکەوە چونەتە گەرماو و دەستبازییان کردووە". . "دواتر وامان لێهات حەزی سێکسیی خۆمان بەیەکتر تێردەکرد و زۆرینەی شەوان پێکەوە سێکسی هاوڕەگەزیمان دەکرد و دەخەوتین، بەشێوەیەک کە من عاشقی ئەو دوو هاوڕێ کچەم ببوم و زیاتر لە ڕەگەزی بەرامبەر حەزی سێکسیم بۆیان هەبوو"، (ز، ئ) وای وت. . بە وتەی ئەو کچە تەمەن 25 ساڵە، یەکێک لە هاوڕێ کچەکانی کە ئێستا هاوسەرگیری لەگەڵ کوڕێکدا ئەنجامداوە، وتویەتی ئێستاش زیاتر لە هاوسەرەکەی "حەزی سێکسی بۆ ئەو هەیە" و دەیەوێت وەک ڕابردوو پێکەوەبن. . جیاواز لەو کەسانەی کە حەزە سێکسیەکانیان ئالودەی ئەو حاڵەتەی کردوون، هەندێک لە هاوڕەگەزخوازەکان بەهۆی هەبوونی کێشە لە هۆرمۆناتی جەستەیاندا وای لێکردوون هیچ حەزێکیان بۆ ڕەگەزی بەرامبەریان نەبێت. . (ل، ع)، کچێکی تەمەن 31 ساڵانە و هاوسەرگیری نەکردووە، ئەو بۆ ناس کورد وتی: "من بە جەستە و بەهەموو شێوەیەک کچم، بەڵام هەر لە منداڵیەوە وەک کوڕ هەڵسوکەوتم کردووە و جلی کوڕانەم پۆشیوە لە دوای گەورەبوونیشم بەهەمانشێوە وەک کوڕ هەڵسوکەت دەکەم و تەنها جلی کوڕانەش دەپۆشم و قژیشم هەروەک کوڕ چاک دەکەم". . هەروەها باسی لەوەش کرد کە هیچ حەزێکی بۆ رەگەزی بەرامبەر نییە و "تەنانەت هەرگیز ناتوانم ڕێگە بدەم پیاوێک دەستم لێبدات، چونکە خۆم وەک پیاوێک دەبینم و هیچ حەزێکی ئافرەتانەم تێدا نییە". . بە وتەی خۆی، چەند جارێک لەگەڵ ڕەگەزی خۆیدا پەیوەندی سێکسی هەبووە و هەرگیزیش هاوسەرگیری لەگەڵ هیچ پیاوێکدا ناکات و ڕەتیشیکردەوە پلانی هەبێت بۆ گۆڕینی ڕەگەزی خۆی بۆ نێر و هاوسەرگیرکردن لەگەڵ ڕەگەزی مێدا. . لەڕووی دەرونییەوە "پێویستیان بە چارەسەرە" پسپۆڕێکی دەروونی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەو کەسانەی بەهۆی کێشە لە هۆرمۆناتی جەستەیاندا هاوڕەگەزباز پێویستە جیابکرێنەوە لەو کەسانەی بۆ حەزی سێکسی خۆیان ئەو کارە دەکەن و ئالودەبوون. . دکتۆر کەریم شەریف قەرەچەتانی، پسپۆڕی دەروونی بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "ناتوانین بەهەموو ئەو کەسانەی کە ئەو حاڵەتەیان تێدایە بڵێێن لە ڕووی دەروونییەوە کەسانی نەخۆشن، چونکە ئەو کەسانە جیاوازن و پێویستە جیابکرێنەوە، بەهۆی ئەوەی هەندێک لەو کەسانە کێشەی هۆرمۆناتیان هەیە و هۆرمۆنی ڕەگەزی بەرامبەریان زاڵە لە جەستەیاندا و بەو هۆیەوە زیاتر حەزیان بۆ هاوڕەگەزی خۆیان دەچێت". . "بۆ نمونە کەسێکی ڕەگەزی نێر هۆڕمۆنی ڕەگەزی مێ لە جەستەیدا زیاترە و بەوهۆیەشەوە بەپێچەوانەی کەسانی ئاساییەوە حەزی لە کەسانی ڕەگەزی بەرامبەری نییە و حەزی بۆ هاوڕەگەزی خۆی زیاتر، بۆ کچیش بەهەمانشێوەیە، کە ئەوەش لە ڕووی تەندروستیەوە چارەسەری هەیە و پێویستە چارەسەربکرێن"، دکتۆر کەریم شەریف قەرەچەتانی وای وت. . ئەو پسپۆڕە دەروونییە ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێکی دیکە لەو کەسانە لەهەر ڕێگەیەکەوە بێت ئالودەی ئەو حاڵەتە بوون، کە هەندێک جار بەهۆی ئەوەی لە تەمەنێکی منداڵیدا دەستدرێژیان کراوەتەسەر لەلایەن کەسانی دیکەوە، وایان لێهاتووە، یاخود بۆ تێرکردنی حەزە سێکسیەکانیان ئەو کارە ئەنجام دەدەن و تەندروستی سێکسیان تێكچووە و پێویستیان بە چارەسەرە لای پزیشکی دەروونی. . سەبارەت بە چۆنێتی چارەسەرکردنی ئەو حاڵەتە و کەمکردنەوەی لە کۆمەڵگەدا، دکتۆر کەریم شەریف قەرەچەتانی وتی: "گرنگترین شت کە بکرێت پەروەردەی منداڵە لە ماڵەوە و لە قوتابخانەدا، پێویستە منداڵ هەر لە سەرەتای تەمەنیەوە جەستەی خۆی بناسێت و لەلایەن خێزانەکەی و لە قوتابخانە بۆی شیبکرێتەوە، نەوەک لێی بشاردرێتەوە و بە ناوی عەیبەوە هیچ شتێک بە منداڵ نەوترێت". . جەختیشیکردەوە، ئەو کەسانەشی بەهەر هۆکارێک بەوشێوەیەن، پێویستە سەردانی پزیشک بکەن و چارەسەری دەروونی یاخود جەستەییان بۆ بکرێت.   . ئاینی ئیسلام چی دەڵێت لەبارەی هاوڕەگەزبازییەوە؟ لە بەرامبەردا مامۆستایەکی ئایینی بەجۆرێکی تر لەو کەسانە دەڕوانێت و دەڵێت، ئاینی ئیسلام ئەو بابەتەی حەرامکردووە. ئەحمەد شافعی، ئەندامی لیژنەی باڵای فەتوای هەرێم بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "لە ئایینی ئیسلام و لە قورئاندا ئەو کارە بەهەموو شێوەیەک حەرامکراوە و هەر بەوهۆیەشەوە خوای گەورە قەومی (لوت)ی لە ناوبرد کە بە ئاشكرا سێکسی هاوڕەگەزیان دەکرد". . بە وتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی فەتوای هەرێم، لە ئایینی ئیسلامدا هیچ جیاوازییەک نەکراوە لە نێوان ئەو کەسانەی نەخۆشن یان بۆ حەز و ئارەزووی خۆیان ئەو کارە دەکەن و پێیوایە سەرجەم ئەو کەسانە دەروون نەخۆشن و پێویستیان بە چارەسەر هەیە.