گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەڕەشەیەك لەناو یەكێتییەوە بۆ سەركردەكانی پارتی

2020.10.08 - 22:32
App store icon Play store icon Play store icon
هەڕەشەیەك لەناو یەكێتییەوە بۆ سەركردەكانی پارتی

ناس کورد-

شەڕی ڕاگەیاندنی پارتی و یەکێتی دەستیپێکردەوە و ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی هێرشی توند دەکاتەسەر پارتی و دەڵێت: " ئەو دەم ڕوت و بێ شوناسانە بێ دەنگ و دەم كوت نەكەن مێژووی پڕ خیانەتی پارتەكەتان لە ١٩٤٦وە لەژێربەڕەوە دەخەینە سەر بەڕە و دەست لە سەرۆكەكانتان و هیچ كەسێكتان ناپارێزین."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

جەزای سەید مەجید، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی (پێنجشەممە 8ی تشرینی یەکەمی 2020) لە نوسینێکدا ڕایگەیاند: "چەند رۆژێكە بە پیلان و مەرامێكی گڵاو ژمارەیەك لە سەركردایەتی و كادیرانی پارتی لە كەناڵەكانی راگەیاندن و سۆشیاڵ میدیاوە پەلاماری رەمز و شكۆی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان جەنابی شێخ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی دەدەن، كە بەخەیاڵ پڵاوی خۆیان دەهۆڵی ئەوە دەكوتن كە یەكێتیی لە ناو ناكۆكی و ململانێدایە، دەیانەوێت رای گشتی چەواشە بكەن و چاو و سەرنجی خەڵك لەسەر ئەو قەیرانە یەك لەدوایی یەكانەی پێ پەردەپۆش بكەن كە سەرۆكەكانیان خولقێنەرین."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: "هاوسەرۆكان و یەكێتیەكان و كۆمەڵانی خەڵك ئەو راستیە باش دەزانن كە چەند دەم رووت  و ئەڵقە لەگوێیەكی ئیعازپێكراو رووپەری رۆژنامە و كەناڵ و سۆشیاڵ میدیا چەواشەكارەكانیان پڕ بكەن لە درۆ و دەلەسەی سواو، ئەو كەناڵانەی كە بە قوتی دزراوی ئەم میلەتە ژەهر دەرێژنە ناو كۆمەڵگەوە."

 

ئەو سەرکردایەتییەی یەکێتی باسی لەوەشكردووە: "كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ئەو راستیە باش دەزانن كە قۆرخكاری دەسەڵات و ئابوری و ئازادی كوردستان لەلایەن پارتیەوە  مۆنۆپۆڵ كراوە، پارەو قوتی ئیبراهیم خەلیل و عەین زالەو بۆری نەوتی كوردستان و قاچاخچێتی و دەیان سەفەقاتی تر لە پێناو مانەوەی بنەماڵەكەیاندا بەفیڕۆ دەدەن، لێرەوە بەو سەركردایەتیانەی پارتی دەڵیم چاوێك بەو مێژوە پڕ لە شەرمەزارییانەدا بخشێننەوە كە خیانەت و كورد كوشتن و كورد فرۆشتنتان داهێنا و هەر بەو تایپە متروبە كراون." 

 

لە درێژەی نوسینەکەیدا جەزای سەید مەجید ئاماژەی بەوەکردووە: "باشیش دەزانین كوێتان دێشێ! چاوتان بە سەروەرییەكان  و سەركەوتنەكانی یەكێتی و كۆنگرەی چوارەم و خۆشویستنی لە رادەبەدەری كۆمەڵانی خەڵك لە هەر چوار پارچەی كوردستان و كورانی تاراوگە  بۆ كاك شێخ لاهور و پێگە و پایەی لە هەرێمی كوردستان و عیراق و وڵاتانی ئیقلمی و جیهانیدا هەڵنایە،  ناچار سیربخۆن و زۆڕنا بژەنن."

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو: " بەخۆتان و ئاغاكانتان دەڵێم ئیستغلالی پەرۆشیمان بۆ یەكریزی نێو ماڵی كورد مەكەن كە قوربانی زۆرمان لە پێناودا داوە، ئەو دەم روت و بێ شوناسانە بێ دەنگ و دەم كوت نەكەن ئەوا مێژوی پڕ خیانەتی پارتە تۆتالیترەكەتان لە ١٩٤٦ وە هەتا هەنووكە و پیلانە گڵاو و بۆگەنەكاتان ئاشكرا دەكەین و هەرچی لە ژێر بەڕەیە دەیخەینە سەر بەڕە و  دەست لە سەرۆكەكانتان و هیچ كەسێكتان ناپارێزین."

 

پێشتر میدیاى فەرمى یەکێتى ناوەڕۆکى کۆبوونەوە و دیدارى لاهور شێخ جەنگى، هاوسەرۆکى یەکێتى لەگەڵ دەیڤد کۆپلى، جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بۆ کاروبارى عێراق، بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردبوو، لە بەشێکى کۆبوونەوەکەدا و لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتیی و پارتی، لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند: "بەشداریكردنمان لە كابینەی نۆیەم بەپێی رێككەوتنێكی ئیمزاكراو بوە و هەردوولا لەسەری رازیبووین، كە چەند خاڵێكی گرنگی لەخۆگرتوە لەوانە مەسەلەی چاكسازیی و لامەركەزیی دارایی و كارگێڕیی كە بەداخەوە تا ئێستا جێبەجێنەكراون و ئێمە لە هەوڵداین كە ئەو خاڵانە وەك خۆی جێبەجێبكرێت بۆ ئەوەی یەكێتیی ناچار نەبێت بیر لەوە بكاتەوە كە هەڵوێست وەربگرێت لەبەرامبەر جێبەجێنەكردنی خاڵەكانی رێككەوتنەكە".

 

هەر ئەمڕۆش، بڵند ئیسماعیل، ئەندامى سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان لە میانەى لێدوانێکى بۆ میدیاى فەرمى سەرۆکى حکومەت وەڵامى لێدوانەکانى لاهور شێخ جەنگى، هاوسەرۆکى یەکێتى دایەوە و ڕایگەیاند: " هەرچەندە گرووپێكی نێو یەكێتی لەو كاتەوەی حكوومەت پێكهێندراوە، شان نادەنە بەر بەرپرسیارێتی و هەر خەریكی موزایەدە و چەواشەكارین، بەڵام پارتی پابەندە بە ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتی و قسەی یەكێتیش تەنیا لە یەكێتییە راستەقینەكان وەردەگرێت".

 

ئاماژەی بەوەشکردبوو: "لە بابەتی چاكسازیدا هەرچەندە حكومەتی هەرێمی كوردستان جددیانە كار لەسەر جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی دەكات، بەڵام ئەو گرووپەی یەكێتی نەك هەر نایانەوێت جێبەجێ بكرێت، بەڵكو دەبینین كە لە سنووری ناوچەكانی زۆنی سەوزدا قاچاخچێتیی دەروازەكانی باشماخ و پەروێزخان و فڕۆكەخانەكان بە ڕوونی دیارە".