ناس کورد-
وەزیری ناوخۆی هەرێم بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال دەگات بەغدا و پارێزگارى نەينەواش دەڵێت، بە ڕێکكەوتن لەگەڵ حكومەتى هەرێمى كوردستان و حكومەتى بەغدا ئيدارەيەكى نوێ بۆ قەزاى شنگال بۆ چارەسەركردنى كێشەى ئيدارە و يەكلايیكردنەوەى ئەو بابەتە دادەنرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم (پێنجشەممە 8ی تشرینی یەکەمی 2020) لە تویتێکدا ڕایگەیاند: "سبەینێ لە بەغدا دەبم بۆ تەواوكردنى گفتوگۆكان لەگەڵ حكومەتى فيدراڵ سەبارەت بە ئاسایيكردنەوە و جێگيركردنى بارودۆخى شنكال."
هاوکات، بەگوێرەی ماڵپەڕى "ئێزدى 24" (پێنجشەممە 8ی تشرینی یەکەمی 2020) نەجم جبورى پارێزگارى نەينەوا ڕايگەياندووە، لەگەڵ مەسعود بارزانى، سەرۆكى پێشووى هەرێمى كوردستان و مستەفا كازمى، سەرۆك وەزيرانى عێراق و وەزيرى ناوخۆى هەرێمى كوردستان باسيان لە كێشەكانى ئيدارەى شنگال كردووە.
ڕونيشيكردووەتەوە، لەگەڵ وەزيرى ناوخۆى هەرێم گەيشتونەتە ڕێكکەوتن لەسەر گەڕانەوەى ئيدارە و دانانى ئيدارەيەكى نوێ بەڕێكکەوتن لەنێوان حكومەتى ناوەند و هەرێم.
جبورى ئەوەشى وتووە، پرۆسەى دياريكردنى ئيدارەكە لە ڕێگەى هەڵبژاردن ياخود دياريكردنى كەسێك دەبێت بەپێى ئەو ڕێكکەوتنانەى كراوە بۆ چارەسەركردنى كێشەكانى شنگال.