گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لیژنەى فەتوا لەبارەى ’ڕەوایەتى’ دروستکردنى کارگەى شەراب وەڵامى جەمیل هەورامى دەداتەوە

2020.10.08 - 12:58
لیژنەى فەتوا لەبارەى ’ڕەوایەتى’ دروستکردنى کارگەى شەراب وەڵامى جەمیل هەورامى دەداتەوە

 ناس کورد-

ئەندامێکى لیژنەى فەتواى هەرێمى کوردستان، ئەو بانگەشەیە ڕەتدەکاتەوە کە باس لەحەڵاڵى دروستکردن و خواردنەوەى شەراب دەکات و ئەو کارە بەهەڵە تێگەیشتن و تەحریف کردنى واتاى ئایەتێکى قورئانى بۆ ئەو مەبەستە، ناو دەبات.

 

د.محەمەد پێنجوێنى ئەندامى لیژنەى فەتوا لەهەرێمى کوردستان تایبەت بەناس کوردى ڕاگەیاند "ئەوەى کە لەئایەتى 66ى سورەتى نەخلەدا هاتووە بەواتاى حەڵال کردنى دروستکردن و خواردنەوەى شەراب نییە، بەمەستەکە ئەوەیە لەو شتە موباحانە لەلایەن مرۆڤەوە شتى باش و حەڵاڵى لێ دروست دەکرێت هەروەها شتى خراپیشى لێ دروست دەکرێت".

 

لێدوانەکەى ئەندامەکەى لیژنەى فەتوا دواى ئەوە هات کە لە گرتەیەکى ڤیدیۆیدا کە ناس کورد بینیوویەتى جەمیل هەورامى، ئەندامى پێشووى سەرکردایەتى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان نیازى خۆى بۆ دروستکردنى کارگەیەکى شەراب دەخاتەڕوو و ئاماژە بەوە دەکات کە، لە قورئاندا ڕێگە بە دروستکردنی شەراب دراوە و بۆ دروستكردنیشی چاوەڕوانی وەڵامی چەند پارەدارێك دەكات.

 

د.محمد پێنجوێنى وتیشى "خواى گەورە هەواڵمان پێدەدات کە  ئەو نیعمەتانەى کە پێماندراوە بۆ شتى باشە و ئێوە دەیگۆڕن بۆ سەکەر (سەرخۆشى) چونکە خۆى بۆخۆى قازانج و خێرى هەیە و ئەوەش بەهیچ شێوەیەک موباح کردن (ڕەوایەتیپێدان) نیە بەڵکو گۆڕین و تەحریف کردنە".

 

ڕونیشى کردەوە"وشەى (تتخذ) بەماناى موباحدان نایەت لەئایەتەکەدا بەڵکو هەوڵێکى ئارەزومەندانەى مرۆڤە و هاتووە بەزۆر کردویەتى بەشتێکى خراپ و لەبنەمادا خۆى بەو شێوەیە نەبووە".

 

محەمەد پێنجوێنى جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، بەهیچ شێوەیەک ئەو ئایەتەى کە وەکو پاساو بۆ پەنابردن بەو کراوە بەکارهێنراوە حەڵاڵکردن ناگەیەنێت، بەڵکو هەوڵدانە بۆ بەکارهێنانى شتە موباحەکان کە ئەو شتانە لایەنى باش و خراپیشى هەیە.

 

ئەندامەى لیژنەى فەتواى هەرێم باسى لەوەش کرد، قورئانى پیرۆز فرە لایەنە و واتاکانى قوڵ و پێکەوە گرێدراون و ناکرێت تەنها یەک لایەنى ترى وەربگیردرێت لەبارەى خواردنەوە کحولییەکانیشەوە لەقورئاندا بەڕەهاى حەرام کراوە و هیچ دەرفەتێکى بۆ ڕاڤەى تر نەهیشتووەتەوە.