گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەیوەندی بە کوردانی ڕۆژئاواوە هەیە

رۆبەرت فۆرد: هۆیەك هەیە ئەمەریكا ناچار دەكات لە هەولێر بمێنێتەوە

2020.10.07 - 11:06
رۆبەرت فۆرد: هۆیەك هەیە ئەمەریكا ناچار دەكات لە هەولێر بمێنێتەوە

ناس کورد-

ڕۆبێرت فۆرد، باڵیۆزی پێشووی ئەمەریكا لە سوریا و جەزائیر دەڵێت، هێشتا ڕوون نییە ئەمەریكا باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا دەكشێنێتەوە یان نا، بەڵام پاڵپشتیكردنی پرۆسە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی فوراتی سوریا پێویستی بە بنكەیەكی سەربازیی هەیە لە هەولێر.

 

فۆرد كە ئێستا وەك توێژەر لە پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كاردەكات لە واشنتۆن لە وتارێكدا كە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاویكردووەتەوە (7 تشرینی یەكەمی 2020) و "ناس كورد" خوێندنەوەی بۆ كردووە ئەوە ئاشكرا دەكات، بەلای سەركردەكانی هەردوو پارتی كۆماری و دیموكراتەكانەوە جیهانی عەرەبی و عێراقیش لە ڕیزی پێشەوەی گرنگیدان نەماون بەهۆی كۆرۆنا و پەرەسەندنی مەترسییەكانی چین و كەمبوونەوەی بەهای نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.

 

بەبڕوای فۆرد، مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لەگۆشەی ئێرانەوە مامەڵە لەگەڵ پەیوەندییەكانی ئەمەریكا و عێراق دەكات بەئامانجی زیاتر گەمارۆدانی تاران، تا ئێستاش ڕوون نەبووەتەوە ئایا ئەمەریكا باڵیۆزخانەكەی دادەخات یان گەمارۆ بەسەر عێراقدا دەسەپێنێت، بەڵام ئەوە ڕوونە ئەمەریكا سەرجەم هێزە سەربازییەكانی ناكشێنێتەوە چونكە پرۆسە سەربازییەكانی هەسەدە لە سوریا پێویستی بە هەبوونی بنكەیەكی سەربازی هەیە لە هەولێر بەمەبەستی پاڵپشتی لۆجستی.

 

رۆژنامەیەکى عێراق ئاشکرایکرد، هەڵوێستى توندى ئەمریکا بۆ داخستنى باڵیۆزخانەکەى پاشەکشەى کردووە، لەگەڵ فشارى دەرەکى و ناوخۆیی لەسەر ئەو وڵاتە بۆ پاشگەزبوونەوە لە بڕیارەکەى.  

  

رۆژنامەى العالم الجدیدى عێراقى (6ی تشرینی یەکەمی 2020) لەزارى چەند سەرچاوەیەکى دیبلۆماسییەوە گواستییەوە، بڕیارەکەى واشنتن لەلایەن وڵاتانى ئەوروپاوە رەتکراوەتەوە پێیانوایە پشتیوانى حکومەتى کازمى بەواتاى فشار خستنەسەرى نییە و بڕیارى لەو شێوەیە رەنگە ئەنجامى پێچەوانەى لێبکەوێتەوە.  

  

بەوتەى سەرچاوەکان، وڵاتانى ئەوروپا کە دیارترینیان فەڕەنسایە پێیوایە داخستنى باڵیۆزخانە و کشانەوەى هێزەکان، ناردنى پەیامێکى هەڵەیە بۆ لایەنە نەیارەکان و توندڕەوان وەکو پێشکەشکردنى دیارییەکە پێیان. فشارى توند لەسەر بەغدا دەبێتە هۆى زیادبوونى کردەوە توندوتیژییەکان.  

  

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو وڵاتە کشانەوەى پێشووى سەربازیان بەبیر واشنتن هێناوەتەوە، کە بووەتە هۆى دەرکەوتنى داعش لەساڵى 2014 کە کاریگەرى لەسەر جیهان دروستکرد.  

  

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، هەروەها وڵاتانى عەرەبى و کەنداو، دژى بڕیارى داخستنى باڵیۆزخانەى ئەمریکان، لەو بڕوایەدان ئەو بڕیارە بەرژەوەندى و نێردە دیبلۆماسیەکانیان دەخاتە مەترسییەوە.  

  

هەر بە وتەى سەرچاوەکان، ئەوەى هانى واشنتن دەدات کە فشارەکەى سوک بکات پەیامەکەى پۆمپیۆیە بۆ بەرهەم ساڵح، کە بووە هۆى جوڵەى خێراى کازمی بە ئامانجى سنوردانان بۆ هەژمونى گروپەکان و کێشانەوەى نوسینگەکانیان لەفڕۆکەخانەى بەغدا و ناوچەى سەوز.  

  

 ئیحسان شەمەرى، سەرۆکى سەنتەرى هزرى سیاسی دەڵێت، پاشەکشە لەو هەڵوێستە، پێدانى دوایین هەلە بە حکومەتى ئێستا، بۆ نەهێشتنى مەترسی گروپە چەکدارەکان کە بوونەتە مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەکانى رۆژئاوا.