گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕاپۆرتێك: هێزە سیاسییە تەقلیدییەكان تەنها دوو بژاردەیان هەیە

2020.10.06 - 15:26
ڕاپۆرتێك: هێزە سیاسییە تەقلیدییەكان تەنها دوو بژاردەیان هەیە

ناس کورد-

چەند سەرچاوەیەكی سیاسی لە بەغدا بە "أخبار الخلیج" یان راگەیاندووە نەجەف و سیستانی بێزارن لە میلیشیاكانی ئێران و هێزە سیاسییە باڵادەستەكانی، ئێستاش بۆ مانەوە لە پێگەكانیان تەنها دوو بژاردەیان لەبەردەستە.

 

رۆژنامەكە كە زمانحاڵی دەوڵەتی بەحرەینە لە راپۆرتێكدا (6ى تشرینی یەکەمى 2020) لەزاری ئەو سەرچاوانەوە بڵاویكردەوە لەئێستادا هێزە سیاسییە تەقلیدییەكانی عێراق بۆ پاراستنی پێگەی ئێستایان تەنها دوو بژاردەیان لەبەردەستە: رەتكردنەوەی یاسای هەڵبژاردن ئەگەر لەبەرژەوەندی چالاكوان و ناڕەزایەتییەكان بوو لەگەڵ پەكخستنی سازكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە بەهەر رێگایەك كە دەكرێت و خۆ سەپاندن بەزەبری هێز ئەمەش دژی خواستی نەجەف و سیستانی و نەتەوە یەكگرتووەكانە.

 

بڕیارە لە (6ى حوەزیرانی 2021) هەڵبژاردنی پێشوەختە لەعێراق بەڕێوە بچێت و لەم بارەیەشەوە (5ى تشرینى یەکەمى 2020) بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆبووەوە و هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی پاک و بێگەردی هەڵبژاردنەکانی حوزیرانی داهاتوو کرد و بە پێویستیان زانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆڵی بەرچاوەی هەبێت لە چاودێریکردنی پڕۆسەکە. 

 

 نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆمار  لەبارەى کۆبوونەوەکە بڵاویکردەوە "سەرۆک کۆمار وتویەتى نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت ڕۆڵی گرنگی هەبێت لە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە چاودێریکردنی  پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لە هەموو قۆناغەکانیدا". 

 

(31ى تەمووزى 2020) مستەفا کازمى مستەفا سەرۆک وەزیرانی عێراق کاتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی دیاریکرد و ڕایگەیاند، بەرواری 6ی حوزەیرانی 2021، هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت.