گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’سەرجەم ناوچەکان دەگرێتەوە’

دوا پێشهاتی هێڵەكانی تەماس لە نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی

2020.10.06 - 14:21
App store icon Play store icon Play store icon
دوا پێشهاتی هێڵەكانی تەماس لە نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی

ناس کورد-

سەرچاوەیەکى سەربازى پیشمەرگە ئاشکرایکرد، بەغدا بەنیازە هێزەکانى حەشدى شەعبى لەسەرجەم هێڵەکانى تەماس لەگەڵ هێزەکانى پێشمەرگە بکێشێنێتەوە و لەئێستادا بڕیارەکە لە نەینەوا جێبەجێدەکرێت.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

سەرچاوەکە (6ی تشرینی یەکەمی 2020) بە ناس کوردى ڕاگەیاند "زانیاریمان هەیە کە بەغدا بڕیاریداوە هێزەکانى حەشدى شەعبى لەهێڵى تەماس لەگەڵ پێشمەرگە لەسنورى نەینەوا بکشێنێتەوە".

 

وتیشى "بیرۆکەى ئەوە هەیە کە ئەو بڕیارە سەرجەم ناوچەکانى دیکە بگرێتەوە و سوپاى عێراق شوێنى حەشدى شەعبى بگرێتەوە".

 

سەرچاوەکە هۆکارى ئەو هەنگاوەى گەڕاندەوە بۆ هێرشەکانى ئەم دواییەى هەولێر، هەروەها ئەو کێشە بەردەوامانەى لەو ناوچانە لەنێوان حەشد و پێشمەرگە روویانداوە.

 

پێشتر سەرچاوەیەکى ئەمنى لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان ڕایگەیاند، فەرمان بە هێزەکانى حەشدى شەعبى کراوە پێنج کیلۆمەتر لەهێڵى تەماس لەگەڵ پێشمەرگە لە نەینەوا بکشێتەوە و سوپا شوێنیان بگرێتەوە.  

  

ڕۆژنامەى شەرقولئەوسەت (5ی تشرینی یەکەمی 2020) لەزارى ئەو سەرچاوەیەوە بڵاویکردووەتەوە، بڕیارەکە سەرجەم هێزەکانى حەشدى شەعبى لە لیواى 30 دەگرێتەوە، بەڵام بەشێک لە فەرماندەکانى حەشد بە پشتیوانى کوتلە سیاسییەکان فشاریان لە حکومەت کردووە بڕیارەکە بەفەرمى ڕانەگەیەنرێت و هەڵبوەشێنرێتەوە.  

  

زەین عابدین (ئەبو کەوسەر شەبەکى) فەرماندەى لیواى 30 ى حەشدى شەعبى دەڵێت هیچ فەرمانێکیان پێنەگەیشتووە لەفەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانەوە، ئەوەى هەیە تەنها قسەیە.  

  

بەڵام ماجد شنگالى پەرلەمانتارى پێشووى پارتى لە پەرلەمانى عێراق جەختى لە دەرچوونى فەرمانەکە کردەوە و بە پەیامێکى دڵنیاکردنەوەى بەغداى ناوبرد بۆ هەرێم لەبارەى ئەوەى ئەو ناوچەیە لەژێر کۆنتڕۆڵى سوپادایە و جارێکى تر لەو ناوچەیەوە هەرێم بەئامانج ناگیرێتەوە.  

    

بەگوێرەى بەدواداچوونەكانی ناس كورد، لیوای 30ى حەشدی شەعبی زۆرینەی شیعەی شەبەكن و تۆمەتبارن بەدەستێوەردان لەچالاكی و جموجوڵی بازرگانی و ئابووری لە سنووری دەشتی نەینەوا لە رێگەی دانانی خاڵی گومرگیی قاچاغ و  وەرگرتنی "سەرانە" لە بارهەڵگرەكان، بەڵام دەستەی حەشدی شەعبی سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە ڕەت دەكاتەوە.      

  

وەعد قەدۆ برای پەرلەمانتاری شەبەكی حەنین قەدۆیە كە دوو خولە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانە و بە نەیارێكی سیاسی هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە نەینەوا، ناسراوە.      

  

وەعد قەدۆ پێشتر لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردبوو، ئەو ناوچەیەی کە حکومەتی هەرێم دەڵێت موشەکەکانی لێ ئاڕاستەکراوە لەژێر کۆنترۆڵی سوپای عێراق و حەشدی شەعبیدایە.        

  

ئەوەشی خستبووەڕوو، ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان بە هێرشەکەوە نییە و "لایەنێکی دیاریکراو ناوی لیوای 30 دەهێنێت بۆ ئەوەی پەیامێک بە ئەمریکا و حکومەتی بەغدا بگەیەنێت".        

  

لەسەردەمی عەبدولمەهدیدا فەرمانێك دەرچوو بۆ هەڵگرتنی زاڵگە و خاڵەكانی پشكنینی ئەو لیوایە، بەڵام لەمانگی ئابی ساڵی رابردوو چەكدارەكانی لیواكە جادەی موسڵیان بڕی و ئاگریان لەسەر رێگاكان كردەوە و ساتری خۆڵیان دروست كرد وەك ناڕەزاییەك لەبڕیارەكە بەدیارچاوی سوپای عێراقەوە كە پێی نەكرا هیچ رێگرییەكیان لێ بكات، بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز.