گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’بەپەلە بجوڵێن’

تەندروستى سلێمانى سێ هۆکار بۆ هەڵکشانى ئامارى مردن دیاریدەکات

2020.10.06 - 12:40
App store icon Play store icon Play store icon
تەندروستى سلێمانى سێ هۆکار بۆ هەڵکشانى ئامارى مردن دیاریدەکات

ناس کورد-

تەندروستى سلێمانى هەڵکشانى ئامارى مردن بە کۆرۆنا بۆ سێ هۆکار دەگەڕێنێتەوە و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بەپەلە بچنە سەر خەت.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

 

یاد نەقشبەندى، وتەبێژى تەندروستى سلێمانى (6ی تشرینی یەکەمی 2020) بە ناس کوردى ڕاگەیاند، پابەندنەبوونى خەڵک بە تاکپارێزى، تێکەڵبوونى توشبووان لەگەڵ خەڵک، پەتاى وەرزى هۆکارى هەڵکشانى ئامارى مردنن بە کۆرۆنا.

 

لەبارەى ئەوەى ئایا ڤایرۆسەکە کوشندەتر بووە، یاد نەقشبەندى وتى "نەخێر بەڵام هەر کەسێک کە سەرەتا نیشانەى سوکى هەبوو چارەسەرى وەرنەگرت، نیشانەکانى قورستر دەبێت و قورسە چارەسەر بکرێت".

 

نەقشبەندى داواى لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بەپەلە بجوڵێن بچنە سەر خەت بۆ ئەوەى پێکەوە روبەڕووى شەپۆلى هەڵکشاوى ئامارەکان ببنەوە.

 

جەختیشیکردەوە، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، هەموو نەخۆشخانەکانیش تایبەت بکرێن بە کۆرۆنا، بەشى توشبووان ناکات.

 

تەندروستيى سلێمانى (4ی تشرینی یەکەمی 2020)  هەڵکشانى ئامارى گیانلەدەستدانى بە کۆرۆنا بە "زەنگى مەترسی" دانا و داواى گرتنەبەرى هەنگاوى پێویستى کرد.

 

یاد نەقشبەندى، وتەبێژى تەندروستى سلێمانى لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک نوسیویەتى، "گیان لەدەستدانی 12 توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە 24 سەعاتی ڕابردوو، 40 تووشبوو لە ماوەی 5 ڕۆژدا لە شاری سلێمانی زەنگێکی مەترسیدارە".  

  

ئاماژەى بەوەشکردووە، "ڕوبەروبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنها ئەرکی سەر شانی کەرتی تەندروستی نییە لە شارەکە، بەڵکو ئەرکی هەموو لایەکە بە زووترین کات کاری جدی بکرێت بۆ ڕێگری کردن لە خراپتر بوونی دۆخەکە".