گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەغدا: چیمەنتۆ لە جیاتی موچە شكستی هێنا

2020.10.06 - 11:54
بەغدا: چیمەنتۆ لە جیاتی موچە شكستی هێنا

ناس کورد-

وەزارەتى پیشەسازى بڕیارى دابەشکردنى چیمەنتۆى لەجیاتى موچە هەڵوەشاندەوە، دواى ئەوەى کۆمپانیاى گشتى دابەشکردنى چیمەنتۆ بڕیارێکى لەو بارەیەوە دەرکردبوو.

 

منهل عەزیز وەزیرى پیشەسازى و کانزاى عێراق (6ی تشرینی یەکەمی 2020) فەرمانیدا بە هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکەى کۆمپانیاى گشتى دابەشکردنى چیمەنتۆ بۆ رێگەدان بە فەرمانبەرانى کۆمپانیاکە تا لەبرى موچە چیمەنتۆ وەربگرن. 

 

هەروەها وەزیر بڕیاریدا بە لێکۆڵینەوەى خێرا لەسەر ئەو دۆسیەیە و گرتنەبەرى رێکارى یاسایی و سزادانى سەرپێچیکاران.

 

کۆمپانیاى گشتى دابەشکردنى چیمەنتۆ سەر بە وەزارەتى پیشەسازى عێراق (6ى تشرینى یەکەمى 2020) نووسراوێکى ئاراستەى لقەکانى کۆمپانیاکە کردووە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە "بەهۆى دواکەوتنى دابەشکردنى مووچەوە، بەڕێوەبەرى گشتى کۆمپانیاکە بڕیاریداوە هەر فەرمانبەرێکى کۆمپانیاکە دەتوانێت 5 تۆن چیمەنتۆ بە نرخى فەرمى وەربگرێت و مانگانە بەشێوەى قیست 50 هەزار دینار لە مووچەکەى ببڕدرێت".  

  

بڕیارەکە لەکاتێکدایە کە نزیکەى 50 ڕۆژە حکومەتى عێراق نەیتوانیوە مووچەى فەرمانبەران دابەش بکات بەهۆى کورتهێنانى بودجە بۆ ئەو مەبەستە و چاوەڕواندەکرێت لەدواى ڕەزامەندى پەرلەمان وەزارەتى دارایى قەرز بکات و ئەو کورتهێنانەى مووچە پڕ بکاتەوە و دەست بە دابەشکردنى مووچە بکرێت.