ناس کورد-
مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوایین زانیارى لەبارەى دۆخى تەندروستیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا ئاشکراکرد و ڕایگەیاند، دەرفەتی هەبووە کەمێک گفتوگۆی لەگەڵ بکات و ئەو تەندروستی باشە و ورەیەکی بەرزی هەیە، دەشڵێت، ترەمپ دەتوانێت کارەکانی بکات و ڕووبەڕووی هەرشتێک بوەستێتەوە کە لەجیهاندا ڕوودەدات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی ماڵپەڕی "حوڕە"ی ئەمریکی، (5ی تشرینی یەکەمی 2020) پۆمپیۆ پێش سەفەرکردنی بۆ وڵاتی ژاپۆن ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ دەرفەت هەبوو لەگەڵ ترەمپ گفتوگۆ بکەم، ئەو ورەیەکی بەرز و بارودۆخێکی زۆر باشی هەبوو، وەک هەمیشە زۆر ڕاشکاوانە قسەی لەگەڵ کردم و گفتوگۆیەکی زۆر باش بوو".
ئاماژەی بەوەشكردووە :"دڵنیاین لەوەی سەرۆک ترەمپ ئامادەیی تێدایە ڕووبەڕووی هەرکێشەیەک بێتەوە کە لەدنیادا ڕوودەدات، من چەند ڕێنماییەکم پێییە لەبارەی سەردانەکەم بۆ ژاپۆن و تامەزرۆی جێبەجێکردنیانم".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەشکردووە، لەدوای توشبوونییەوە بە کۆرۆنا و تاوەکو ئێستا، ترەمپ لەگەڵ سەرۆکی شەش وڵات گفتوگۆی کردووە و سەرجەمیان لەتەندروستیی سەرۆکی ئەمریکایان پرسیوە و پشتیوانی خۆیان بۆ دەربڕیوە.
ئێوارەی (4ی تشرینی یەکەمی 2020) کۆشکی سپی نوێترین وێنەی دۆناڵد ترەمپی لە نەخۆشخانەی "وۆڵتەر ڕید" بڵاوکردەوە کە ناوبراو لەدوای توشبوونی بە کۆرۆنا لەوێ دەمێنێتەوە و چاودێری دەکرێت.