گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە هەرێم کڕین و فرۆشتن بە کرێکارە بیانییەکانەوە دەکرێت، زانیاریی ورد و گرنگ

2019.05.01 - 22:45
لە هەرێم کڕین و فرۆشتن بە کرێکارە بیانییەکانەوە دەکرێت، زانیاریی ورد و گرنگ
ناس کورد- شەهرام عەزیز بەشێک لەو کارێکارە بیانیانەی بۆ کارکردن ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت، 28 کرێکاری نیپاڵییش هانایانی بۆ دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم بردووە و ئەوانیش داڵدەیانداون. سەرەتای هاتنی کرێکارانی بیانی و کارکردن لە شارە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2013 و  لە ئێستادا ژمارەیان زۆر زیادیکردووە، کە بەپێی ئاماری ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی کرێکاران، ژمارەیان دەگاتە 22 هەزار کرێکار. هەندێک لەو کرێکارانەی بۆ کارکردن هاتوونەتە هەرێم و ناوچەکانی خواروی عێراق کڕین و فرۆشتیان پێوە دەکرێت و چەندین حاڵەتی لەو شێوەیەش لە هەرێم تۆمارکراون و ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی کرێکارانی بیانی و دەستەی مافی مرۆڤ لەسەر حاڵەتەکە هاتوونەتە دەنگ. . محەمەد هەژار، سەرۆکی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی کرێکارانی بیانی بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "کاری کڕین و فرۆشتن بە کرێکارە بیانیەکانەوە لە هەرێم زۆر زیادیکردووە بەتایبەتی ئەو کرێکارانە لە هەرێم دەفرۆشرێن بە خەڵکانی باشور و خواروی عێراق و تائێستا 14 کەسمان لەو ناوچانە هێناوەتەوە کە فرۆشراون". کەسێکی خەڵکی نیپاڵ کە نیشتەجێی هەرێمە بە هاوکاری پارێزەرێک نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر لەڕێگەی کۆمپانیایەکی وەهمییەوە "بە فێڵ و ساختەکاری"  زیاتر لە 40 کرێکاری نیپاڵی دەهێننە هەرێم و دواتر "هەندێکیان فرۆشراون". . سەرۆکی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی کرێکارانی بیانی ئاماژەی بەوەکرد، ئەو 40 کرێکارە کە لەهەردوو ڕەگەزن بەشێوەیەک هاتوون کە بۆ ماوەی دوو ساڵ بتوانن لێرە کار بکەن و مۆڵەتیان هەبێت، لە بەرامبەر ئەوەدا هەریەکەیان بڕی چوار هەزار و 500 دۆلاریان داوەتە کەسە نیپاڵیەکە و پارێزەرە کوردەکە، بەڵام کە هاتوونەتە ئێرە بۆیان دەرکەوتووە کە ئەوان ڤیزای سەفەریان بۆ وەرگرتوون و مۆڵەتی کەمتر لە مانگێکیان هەبووە بۆ مانەوە و فێڵیان لێ کراوە. . "بەڵام بەهۆی ئەوەی هیچ پارەیەکیان پێنەبووە بگەڕێنەوە و مۆڵەتی مانەوەشیان نەبووە لێرە کەسە نیپاڵییەکە لە ماڵێکدا شاردوونیەتییەوە و نازانرێت چ کارێکی پێکردوون"، محەمەد هەژار وای وت. بە وتەی سەرۆکی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی کرێکارانی بیانی، کەسە نیپاڵییەکە هەندێک لەو کرێکارانەی فرۆشتووە هەریەکەیان بەبڕێک پارەی جیاواز و دواتر ئەوانی دیکە خۆیان گەیاندووەتە سەندیکای کرێکاران و سکاڵایان تۆمارکردووە و ئەوانیش مافی مرۆڤیان لێ ئاگادار کردووەتەوە. . کەیسەکە بردراوەتە لای دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم و لە ئێستادا ئەو کرێکارانە لای ئەوان پارێزراون و نوسراویان ئاڕاستەی حکومەت کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکە. زیا پترۆس، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "ئەو کەسانە ژمارەیان 28 کەسە هاتوونەتە لامان و چیرۆکی خۆیان گێڕاوەتەوە، بەهۆی ئەوەی مۆڵەتیان نییە و ئەگەر لایەنی ئەمنی بیاندۆزنەوە دەستبەسەریان دەکەن، بۆیە ئێمە لە شوێنێک، کە ئاشکرای ناکەین، داڵدەمان داون تا کێشەکەیان چارەسەر دەبێت". سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد، نوسراویان داوەتە وەزارەتی ناوخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لەو کۆمپانیا وەهمیە و هەروەها سەندیکای پارێزەران بۆ لێکۆڵینەوە لەو پارێزەرە، بەڵام تا ئێستا پارێزەرەکە و کەسە نیپاڵیەکە دەستگیرنەکراون. زیا پترۆس ئەوەشی ڕاگەیاند، هەندێک کرێکاری بیانی هەن بەتایبەتی ڕەگەزی مێ کە بێسەروشوێنن و کەس نازانێت چیان بەسەرهێندراوە، کە هەندێک جار بەهۆی زۆریی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەریان گیان لە دەستدەدەن، کە ڕەنگە کاری لەشفرۆشییان پێکرابێت. هۆشداریش دەدات لەو حاڵەتە و بە "کارێکی قێزەونی ناودەبات کە دوورە لە هەموو بنەماکانی مافی مرۆڤ و پەڵەیەکی ناشرین لەسەر کۆمەڵگای کوردی و هەرێم دروست دەکات." . سەرۆکی سەندیکای کرێکارە بیانییەکان حکومەت بە کەمتەرخەم دەزانێت و ئاماژەی بەوەکرد، حکومەت هیچ گرنگی بەو حاڵەتە مەترسیدارە نادات و هاوکاریان نابێت و  بە وتەی خۆی هەندێک جار هەبووە کەیسی فرۆشتنی کەسێکیان ئاشکراکردووە، حکومەت کەیسەکەی شاردووەتەوە بە بیانووی ئەوەی ناوبانگی شارێک نەزڕێندرێت.