گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چاودێری دارایی پلانەكانیان بۆ دژایەتی گەندەڵی بۆ سەرۆك كۆمار دەخەنەڕو

2020.10.05 - 12:33
چاودێری دارایی پلانەكانیان بۆ دژایەتی گەندەڵی بۆ سەرۆك كۆمار دەخەنەڕو

ناس كورد-

سەرۆك كۆماری عێراق لەمیانی پێشوازیدا لە سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی جەختی لە گرنگی رۆڵی دیوانی چاودێری كردەوە لە دژایەتی گەندەڵی ئیداری و داراییدا پشتیوانی تەواوی سەرۆكایەتی كۆماری بۆ كارەكانی دوپاتكردەوە.

 

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆمار (5/10/2020)، بەرهەم ساڵح لە كۆشكی بەغدا پێشوازی كرد لە رافڵ یاسین خوزەیر، سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی بە وەكالەت.

 

راگەیەندراوەكە ئاماژەی بەوەداوە كە لە دیدارەكە سەرۆك كۆمار جەختی لە گرنگی رۆڵی دیوانی چاودێری دارایی كردۆتەوە لە پاراستنی سامانی گشتی، دژایەتی گەندەڵی ئیداری و داراییداو هەروەها بەزركردنەوەی سیستمی كارگێڕی لە دامەزراوەكانی دەوڵەتدا بەشێوەیەك كە ببێتە مایەی بەهێزكردنی شەفافیەت و دەستپاكی و پشتیوانی تەواوەتی خۆی بۆ ئەو رێكارانە دەربڕی كە لەلایەن دیوانی چاودێریی داراییەوە گیراونەتەبەر بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە.

 

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی گرنگی و پشتیوانی سەرۆك كۆماری بۆ هەڵسوڕانی ئەو كارانەی لە ئەستۆیانە و هەروەها پەرەپێدانی كارەكانیان و زاڵبون بەسەر كۆسپەكاندا، بەرزنرخاندوە.

 

راگەیەندراوەكە هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی باسی لە چۆنییەتی بەڕێوەچونی كارەكانی دیوان و ئەو پلانانە كردوە كە بۆ ماوەكانی داهاتو دایانناون.