گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕوونكردنەوەی زانكۆی سلێمانی سەبارەت بە میكانیزمی دەستپێكردنەوەی خوێندنی ساڵی 2020-2021

2020.10.05 - 09:17
App store icon Play store icon Play store icon
ڕوونكردنەوەی زانكۆی سلێمانی سەبارەت بە میكانیزمی دەستپێكردنەوەی خوێندنی ساڵی 2020-2021

ناس کورد-

لەدوای ناڕەزایەتی دەربڕینی خوێندکاران لەبارەی خوێندنی ئەلکترۆنییەوە، سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی سەبارەت بە میکانیزمی دەستپێکردنەوەی خوێندنی 2020-2021 ڕوونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بڕیاریانداوە سەرەتا بە خوێندنی ئەلیكترۆنی دەست پێبكەین بۆ شەش ھەفتە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

لەڕاگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی (4ی تشرینی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند: "لەو روانگەیەی ئێمەش وەك مامۆستایانی زانكۆ بەدەرنین لە كاریگەرییەكانی قەیرانی دارایی ھەرێمەكەمان، بۆیە خوێندنەوەمان ھەیە بۆ باری ناھەموار و قورسایی سەرشانی خوێندكاران و كەسوكاریان لە دابینكردنی ھێڵی ئینتەرنێت و كۆمپیوتەر و ھۆكارەكانی پەیوەندی بۆ خوێندنی ئەلیكترۆنی بەتایبەت لەناوچە دورەدەستەكان و لە ئازار و كێشەكان تێدەگەین و تیایدا دەژین".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: " ھەروەھا لە ھەموو كەس ئاشناترین بەوەی كە خوێندنی ئەلكترۆنی بە تەواوی لەئاستی داخوازی ئێمە و خواستی خوێندكاراندا نییە و بە ئەركی خۆمان و مافی خوێندكارانی دەزانین كە ھەموو خوێندكاران  ئامادەییان ھەبێت لە ھۆڵەكانی خوێندن و راستەوخۆ وانەكان بخوێنن".

 

 سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی ئەوەشی خستووەتەڕوو : " لەنێوان دوو بەرداشدا (پەتای كۆرۆنا) و (قەیرانی دارایی) و لە ململانێی نێوان دوو مافدا (مافی خوێندن لە كەمپەس) و (مافی سەلامەتی و تەندروستی)، لەپاش چەندین كاتژمێر و چەندین كۆبوونەوە پشت بەست بەڕێنماییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی كە جەخت دەكاتەوە  لە خوێندنی ئاوێتە (خوێندنی ئەلیكترۆنی وخوێندنی ناو كەمپەس) بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٠-٢٠٢١) ئەنجومەنی زانكۆكەمان  لەپێناوی ئەوەی خوێندكاران ھەم تەندروستیان پارێزراو بێت ھەم لەخوێندنەكەش بێبەش نەبن بڕیاریدا سەرەتا بە خوێندنی ئەلیكترۆنی دەست پێبكەین بۆ شەش ھەفتە".

 

لەڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانیدا هاتووە: " ئەوە مانای ئەوە نیە كار بەخوێندنی ناو كەمپەس ناكات، بەڵكو لە ھەفتەكانی دواتر بەپلانێكی ورد و كردنەوەی بەشە ناوخۆییەكان خوێندنی چەند كۆلێج و قۆناغ و بەش و بابەتێك لەنێو كەمپەس دەبێت بە پابەندبوون بە رێكارەكانی تاك پارێزی و كۆمەڵ پارێزی، بێ گومان لە تاقیكردنەوەكانیشدا خوێندنەوەمان دەبێت بۆ ئەو وانانەی بە ئەلكترۆنی خوێندراون."

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، زانكۆی سلێمانی ساڵانە نزیكەی 24 ھەزار خوێندكاری ھەیە كە نزیكەی حەوت ھەزار خوێندكاریان لە باڵاخانەی بەشە ناوخۆییەكان دەمێننەوە كە ھەر ژورێك (4 تا 8) خوێندكاری لەخۆگرتووە كە ھەموو ئەوانەش گرفتی داراییان ھەیە و رێكاریان دەوێت، بۆیە نابێت ئەو زانكۆیە بەو ژمارە خوێندكارەوە بەراورد بكرێت بە ھەندێ زانكۆی تری حكومی و تایبەت كە پێدەچێت خوێندكارییان كەمتربێت یان خوێندكاری بەشی ناوخۆییان ھەر نەبێت.

 

سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی ڕاشیگەیاندووە:" ئەگەر ئێمە وەك زانكۆ لەخەمی تەندروستی ئێوەدا نەبین بەبێ پلان ئەم ژمارە خوێندكارە كۆبكەینەوە لەنێو كەمپەس و بەشە ناوخۆییەكان و تاقیگە و كتێبخانە و كافتریاكانی زانكۆ لەم سەردەمی ڤایرۆسە كوشندەیەدا ئەوا ئەو كات دورنییە توشی كارەساتێكی مرۆیی ببین بەوەی زانكۆ ببێتە ناوەندێكی لەبار بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەكە لە نێوان خۆتان و لەوێشەوە بۆ ئازیزانتان و دواتریش بۆ كۆمەڵگا، ئەوكات دەكەوینە ژێر بەرپرسیارێتیەكی گەورەی مێژوویی و نیشتمانی كە دەرچوون لێی ئاسان نابێت."

 

جەختیشیکردووەتەوە: "بۆیە ھۆشداری دەدەین لەپێناو پاراستنی  خۆتان وئازیزانتان وداھاتووی گەلەكەمان ھاوكارمان بن تاوەكو بڕیارە دروستەكە پیادەبكەین ئەویش بە پابەندبوونتان بەم شێوازی خوێندنی ئەلكترۆنیە وەك سەرەتایەك و ڕاھاتنتان بەم شێوازی خوێندنە بۆ ھاتنەپێشی ھەربارێكی نەخوازراوی تەندروستی لەناكاو لەداھاتوودا، بەئومێدی  ئەوەی لە ھەفتەكانی ئایندەدا خوێندنی ناو كەمپەس ھەموو لایەكمان كۆبكاتەوە لە زانكۆی دایكدا."

 

ئەوەش لەکاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە و لەیەکەم رۆژی دەستپێکی دەوامی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەکاندا، بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی لەبەردەم بینای زانکۆ گردبوونەوە و داوایانکرد خوێندن لەناو کەمپی زانکۆ دەستپێبکاتەوە، نەوەک بە ئۆنڵاین.