گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دواكەوتنی موچە لەنێوان پەرلەمان و حكومەتدا

10 لێدوانى پەرلەمانتارانی دارایی لەبارەی موچەی فەرمانبەران

2020.10.04 - 23:29
10 لێدوانى پەرلەمانتارانی دارایی لەبارەی موچەی فەرمانبەران

ناس کورد-

نزیکەى 10 لێدوانى ئەندامانى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لەبارەى موچە و وادەى دابەشکردنییەوە ئەنجامەکەى پێچەوانە بوون و فەرمانبەرانى هەر لە چاوەڕوانیدا هێشتەوە، بەپێی زانیارییەکانی "ناس کورد" یش، لەئێستادا وەزارەتی دارایی عێراق سەرقاڵی بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەنراوێکی تایبەتن سەبارەت بە موچە و هۆکاری دواکەوتنی.  

 

ناس کورد بەدواداچوونى کردووە بۆ لێدوانى پەرلەمانتارانى لیژنەى دارایی لەبارەى موچەى فەرمانبەرانەوە کە ماوەى 45 ڕۆژە دابەشنەکراوە و دەرکەوتووە کە نزیکەى 10 لێدوانى جیاجیایان داوە.

 

13ی ئەیلولی 2020، ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی بە ڕۆژنامەی"سەباح"ی فەرمی  ڕاگەیاندبوو، پەرلەمان سەرەتای مانگی داهاتوو بودجەی  2020 پەسەند دەکات و هیچ مەترسییەک لە سەرپێدانی موچە نییە و موچەى سێ مانگی داهاتوو مسۆگەردەبێت. هەفتەیەک دواتر سەفار ڕایگەیاندبوو، شایستە داراییەکانی موچەخۆران بۆ مانگی ئەیلول مسۆگەرکراوە.

 

28ی ئەیلولی 2020 عەبدولهادی سەعداوی ئەندامى لیژنەى دارایی بە ئاژانسى فەرمى عێراقى وتبوو "چەند کێشەیەکی هونەری هەبووە بەهۆی چەند گۆڕانکارییەک لە بانکی ناوەندیدا، هەفتەى داهاتووش موچەى فەرمانبەران بە تەواوەتی دابەش دەکرێت".

 

ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی 2020.10.01  ڕایگەیاندبوو، حکومەت پارەی بۆ دابەشکردنی موچە هەیە، بەڵام نازانن بۆچی دابەشی ناکەن، دوو رۆژ دواتر هەمان پەرلەمانتار جەختیکردەوە کە پارەى پێویست بۆ دابەشکردنى موچە بەردەستە.



3\10\2020 جەمال كۆچەر ئەندامى ليژنەى دارايى بەڕۆژنامەى سەباحى فەرمی وتبوو "دواکەوتنى موچەى مانگى ئەیلول بۆ کەمی سیولە دەگەڕێتەوە و لەم هەفتەیەدا دابەش دەکرێت".



ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەى دارایی، وەزارەتى دارايى بەوە تۆمەتبار كرد كە پارە هەيە و دابەشى ناكات. ئەحمەدى حاجى ڕەشيد ئەندامى هەمان ليژنە بۆ "ناس كورد" هێماى بۆ ئەوە كردبوو، بەپێى زانياريەكان وەزارەتى دارايى زياتر لە 6 ترليۆن دينارى لەبەردەستدايە و موچە دابەش ناكات.



محەمەد حسێن شرۆڤەكارى ئابوريى بۆ ناس كورد وتى، حكومەت پێويستى بەوەيە كە بودجەى 2020 ى بۆ تێپەڕێنن بۆ ئەوەى لەسەر ئەو ياسايە قەرز بكات، ياخود ياساى قەرزى نوێى بۆ تێپەڕێنن، پەرلەمانيش هيچ كامیان تێناپەڕێنێت.



وتيشى، هەروەها حكومەت پرۆژە ياسايەكى ترى پێشكەشكرد بۆ كەمكردنەوەى موچە و سەپاندنى باج تا خەرجى كەمبكاتەوە و داهات زياد بكات، بەڵام پەرلەمان بەهۆكارى سياسى ئەوەشى قبوڵ نەكرد.



سەبارەت بە هۆكارەكانى پەسەندنەكردنى ئەو ياسايانە لەلايەن پەرلەمانەوە ئەو شرۆڤەکارە وتى،"هۆكارەكە سياسيە بۆ ئەوەى كوتلەكان دڵى خەڵك لەخۆيان نەڕەنجێنن ڕێگە نادەن موچەى فەرمانبەران كەم بكرێتەوە و ڕێگەش نادەن قەرز بكات، ئەوان نە چارەسەر دەكەن نە يارمەتيدەرن بۆ چارەسەر، بە پێچەوانەوە ڕێگرن".



"ئەندامانى پەرلەمانى كوردستان و عێراقيش لەسەر شتێك قسە دەكەن كە لێى نازانن، مژدە بەخشينى ئەوان زياتر بۆ ئەوەیە دەنگدەران ڕازى بكەن و سەرنجى خەڵك ڕاكێشن ياخود بەشێكە لەو ئاژاوە و پۆپۆليزمەى دروستبووە"، محەمەد حسێن وایوت.