ناس کورد-
وەزارەتی کارەبای هەرێم ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە تایبەتكردنی سێكتەری دابەشكردنی كارەبا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو پرۆسەیە بۆ خزمەتی هاووڵاتیانە و نرخی کارەبا زیاد ناکرێت.
وەزارەتەکە لە ڕاگەندراوێکدا (یەکشەممە، 4ی تشرینی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند: "هەندێك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن بەمەبەست یاخود بێ زانیاری و شێواندنی لێدوانی بەرپرسانی كارەبا، هەواڵ و ڕاپۆرت سەبارەت بەتایبەتكردنی سێكتەری دابەشكردنی كارەبای نیشتمانی بڵاودەكەنەوە كە بووەتە هۆی دڵەراوكێ و پرسیار لای هاوبەشانی كارەبا."
ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئێمە لە وەزارەتی كارەبا بۆ بەرچاوڕوونی هاووڵاتیانی خۆشەویست بەپێویستی دەزانین ئەم چەند زانیارییانەی خوارەوە بڵاوبكەینەوە كە سەرجەم ئەم هەنگاوەو پرۆسەیە لەخزمەتی هاوڵاتیانی كوردستاندایە:
1- بەتایبەتكردنی كەرتی دابەشكردنی كارەبا ڕاستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی كارەبا چاودێریی و سەرپەرشتی دەكرێت.
2- نرخی كارەبا لەسەر هاوبەشانی كارەبا زیاد ناكرێت.
3- دەبێتەهۆی باشتر كۆنتڕۆڵكردنی سیستەمی بەڕێوەبردنی كارەبا.
4- ڕێگرە لە بەفیڕۆدانی وزەی كارەبا و كەمبوونەوەی پاڵەپەستۆ لەسەر تۆڕ و وێستگەكان و كەمبوونەوەی كاری چاكسازیی و سوتانی محاویلەكان.
5- كەمكردنەوە و نەهێشتنی سەرپێچیەكانی كارەبا بەمەش دادپەروەریی لە دابەشكردنی كارەبا زیاتر دەستەبەر دەكرێت.
6- زیادبوونی ماوەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی بە تایبەتی لە هەردوو وەرزی هاوین و زستاندا .
7- بەڕێژەی لە 70%ی فەرمانبەرانی وەزارەتی كارەبا لەو سێكتەرە كار دەكەن بە تەواویی ئیمتیازاتەكانیان كار دەكەن و كۆمپانیاكان پابەند دەبن بەدابینكردنی موچەكانیان لەكاتی خۆیدا.
8- كەمكردنەوەی سلفەی مانگانەی بەڕێوەبەرایەتیەكانی كارەبای شارەكان .
وەزارەتی كارەبا.