گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یەکێتی و گۆڕان چوونی مەسرور بارزانی بۆ پەرلەمان بە ’’گرنگ’’ دەزانن

سبەینێ پەرلەمانتاران ناتوانن پرسیار لە مەسرور بارزانی بکەن

2020.10.04 - 13:58
App store icon Play store icon Play store icon
سبەینێ پەرلەمانتاران ناتوانن پرسیار لە مەسرور بارزانی بکەن

ناس کورد-

بڕیارە سبەینێ سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی بچنە پەرلەمانی کوردستان و هەردوو فراکسیۆنی یەکێتی و گۆڕانیش کە واژۆیان لەسەر یاداشتی پرساندنی سەرۆکی حکومەت نەکرد، سەردانەکە بە گرنگ دەزانن، بەڵام هیچ پەرلەمانتارێک ناتوانێت بە ڕاستەوخۆ پرسیار لە سەرۆکى حکومەت بکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دوای ئەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم داوای لە پەرلەمانی کوردستان کرد کۆبوونەوەیەکی تایبەت ڕێکبخەن و تیایدا دەچێتە پەرلەمان و لەبارەی دۆخی دارایی هەرێم و پرسی چاکسازی و هەندێک پرسی دیکە ڕونکردنەوە دەدات، بڕیارە سبەینێ ئەو دانیشتنە تایبەتە ئەنجامبدرێت.

 

زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "سەردانەکە بۆ ڕوونکردنەوەی دۆخی دارایی هەرێم و پرسی چاکسازی و دۆخی حکومەتی هەرێم گرنگە کە ڕوونکردنەوە بە پەرلەمان و هاووڵاتیانیش بدرێت لەبارەی ئەو دۆخەی هەرێمی تێکەوتووە."

 

وتیشی: "ئەوەی زیاتر گرنگی سەردانەکە دەردەخات وەڵامەکانی سەرۆکی حکومەت و تیمەکەی ئەنجومەنی وەزیرانە کە پێویستە وەڵامێکی ڕوون و ڕاشکاوی پەرلەمانتاران بدەنەوە لەبارەی دۆخی دارایی کە ئێستا هەرێم بە قەیرانێکی داراییدا تێدەپەڕێت و پێویستە وەڵامەکانیان جێگەی قەناعەت بێت."

 

لەبارەی ئەوەی کە لە دانیشتنەکەدا دەتوانرێت متمانە لێوەرگرتنەوەی یەکێک لە سەرۆکی حکومەت یاخود جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارایی بخرێتە دەنگدانەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ڕوونیکردەوە: "نەخێر، بەوپێیەی ئەوان بەگوێرەی بڕگەی 66 دێنە پەرلەمان و خۆیان داوایانکردووە، بۆیە ئەمە بابەتی پرساندن نییە، بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوەیە و خۆیان داوایانکردووە."

 

هاوکات فراکسیۆنی گۆڕانیش سەردانەکە بە گرنگ دەزانێت و جەلال محەمەد، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنەکە بە ناس کوردی وت: "هەر هاتنی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیری دارایی بۆ پەرلەمان گرنگە، بەتایبەت لەم دۆخەی کە ئێستا هەرێمی کوردستانی تێدایە."

 

جەلال محەمەد دەشڵێت، پەرلەمانتاران ناتوانن ڕوبەڕوو پرسیار ئاڕاستەی سەرۆكی حكومەت و تیمەكەی بكەن، تەنها دەتوانن گفتوگۆ بكەن، ئەویش لە ڕێگەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە، چونکە بەگوێرەى بڕگەی 66 دێتە پەرلەمان.

 

ڕوونیشیکردەوە: "بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سبەینێ زیاتر دەردەکەوێت کە سەردانەکە سودی هەیە یاخود نا، چونکە سبەینێ ئەوە ڕووندەبێتەوە کە تیمەکەی حکومەت تاوەکو چەند وەڵامی پرسیارەکان دەدەنەوە و دۆخی هەرێم ڕووندەکەنەوە."

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێم و سێ پەرلەمانتاری گۆڕان یاداشتێکیان بۆ پرساندنی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی دایە سەرۆکایەتی پەرلەمان، بەڵام هیچ ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی و زۆرینەی گۆڕان یاداشتەکەیان واژوو نەکرد.