ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح
بەپێی ئامارەکانی گەشتوگوزاری سلێمانی، تەنها لە هەردوو مانگی ئاب و ئەیلولی ڕابردوودا، نزیکەی 300 هەزار گەشتیار لە ناوەڕاست و باشوری عێراقەوە هاتوونەتە پارێزگای سلێمانی، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە هاتنی ئەو گەشتیارانە لە ژێر "ڕێکاری تەندروستیی توندا" بووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئارام شوانی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری پارێزگای سلێمانی (4ی تشرینی یەکەمی 2020) لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند، پێش هاتنە ناوەوەى ئەو 300 هەزار گەشتیارە لە بازگەکان و فڕۆکەخانەی سلێمانی، پشکنینی خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنایان بۆ کراوە، بۆ ماوەی دوو ڕۆژیش لە میوانخانەکان و مۆتێلەکاندا کەرەنتینە کراون تا ئەو کاتەی ئەنجامی پشکنیینەکەیان ئاشکرا بووە، و دواتر ڕێگەیان پێدراوە سەردانی ناوشار و شوێنە گەشتیارییەکان بکەن.
شوانی ئاماژە بەوەشکرد: "بەهۆی توشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ژمارەیەک لەو گەشتیارانە ڕێگەیان پێنەدراوە بێنە ناو شاری سلێمانیەوە و بەشێکی دیکەشیان دوای دەرکەوتنی ئەنجامەی پشکنینەکەیان بە پۆزتیڤ ڕەوانەی شارەکانی خۆیان کراوەنەتەوە".
"پەیڕەوکردنی ڕێکارە تەندروستییەکان بەشێوەیەکی توندوتۆڵ لەلایەن لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی لەکاتی هاتنی گەشتیارەکان وایکردووە ئامارەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکە لە سلێمانی وەک تێکڕای ئاسایی خۆی بمێنێتەوە و هەڵکشان بەخۆیەوە نەبینێت"، ئارام شوانی وای دەڵێت.
وتیشی، زیاتر لە 45 کۆمپانیا لە ناوەڕاست و باشوری عێراق لە ماوەی ڕابردوودا هەستاون بە هێنانی گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتیارەکانی پارێزگای سلێمانی، "زۆربەى ئەو کەسانەش ڕوویانکردووەتە هەردوو هاوینەهەواری دوکان و ئەحمەدئاوا".