ناس کورد – هەڤال فەتاح
جێگری سوپاسالاری ھێزەکانی پێشمەرگە، ڕەتیکردەوە ئاستەنگی لەلایەن سوپای عێراقەوە بۆهاتووچۆی هاووڵاتیانی کورد لەبازگەی کارێزی سەربە قەزای کفری دروستکرابێت، ڕاشیگەیاند، بەفەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئێستادا ڕێگە بە هاتووچۆی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان لەو بازگەیەوە نادرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لیوا قارەمان کەمال، جێگری سوپاسالاری ھێزەکانی پێشمەرگە لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن گوایە سوپای عێراق بەتەنها بازگەی کارێز لە سنوری قەزای کفری بەڕێوە دەبات و ئاستنەگی بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیان لەو دەڤەرە دروستکردووە دوورن لە ڕاستییەوە".
وتیشی: "ئەو بازگەیە لە ئێستادا بە شێوەیەکی هاوبەش لە نێوان سوپای عێراق و میحوەری هێزەکانی پێشمەرگە بەڕێوە دەبرێت بە هەماهەنگی پۆلیسی گەرمیان".
لیوا قارەمان کەماڵ ڕوونیشیکردەوە: "بەفەرمانی مستەفا کازمی، سەرۆکوزەیرانی عێراق هەربازگەیەکی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی خاڵی گومرکی تێدا نەبێت ڕێگە بە هاتووچۆی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان نادرێت".
جەختیشکردەوە: " لەو بازگەیەوە هەموو هاووڵاتیانی ئەو دەڤەرە دەتوانن بە ئازادی هاتووچۆ بکەن، تەنها ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان ڕێگەیان پێنادرێت، چونکە ئەو بازگەیە خاڵی گومرگی تێدا نییە و ئەو هێڵەش بەستراوەتەوە بە دەروازەی سنوری پەروێزخان".
جێگری سوپاسالاری ھێزەکانی پێشمەرگە ئاماژەی بەەشکرد: " بەمەبەستی ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیانی ئەو دەڤەرە کە هاوکات ناوچەیەکی هاوسنوریشە لەگەڵ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق، پەیوەندی و هەماهەنگی بەردەوامان لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپراسیونەکانی پارێزگای دیالەدا هەیە".
لێدوانەکەی جێگری سوپاسالاری ھێزەکانی پێشمەرگە، لەکاتێکدایە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە گوایە ئەوهێزە عێراقییەی کە لە ناوچەکانی نزیک سنوری قەزای کفری جێگیرکراون ڕێگری لە هاتووچۆی هاووڵاتیانی ناوچەکە دەکەن و ناهێڵن جوتیارانی سنورەکە زەوی کشتوکاڵییەکانیان بکێڵن و ڕێگریش دەکەن لە گواستنەوەی بەروبوومەکانیان بۆ دەڤەری کفری و بە پێچەوانەوە.
ئەو بەرپرسەی هێزەکانی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەکرد: "پێش ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، ھێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچە جێناکۆکەکان ھەبوون، ژووری ئۆپەراسیۆنی ھابەشمان ھەبوو، ئێستا ئەوانە ھیچی نەماوە و دەمانەوێت دروستیان بکەینەوە و کار لەسەر ئەوە دەکەین کە ئەو ڕووبەرە فراوانەی لەنێوانماندا ھەیە چۆن بتوانین ڕووبەرەکەی کەم بکەینەوە و بۆ ئەم مەبەستەش ڕووپێویی کراوە، بەڵام گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە ماوە" لیواقارەمان کەماڵ وای وت